وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند: “هەناردەكردنی نەوت كەمناكەینەوە ئەگەر نرخی بەرمیلیك نەوت بۆ 20 دۆلاریش دابەزێت” .
ئاژانسی هەواڵی “میهر”ی ئێرانی بڵاویكردەوە، لە مەراسیمی دەستبەكاربونی بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی ئێران، بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران وتویەتی: فەرمانمان لەسەرۆك كۆمارەوە بۆ هاتوە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ یەك ملیۆن بەرمیلی رۆژانە زیاد بكەین.
زەنگەنگە رایگەیاندوە، بەهەوڵی كرێكارانی كەرتی نەوت ماوەی سێ مانگ توانیویانە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ئەو ئاستە زیاد بكەن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، هەندێك ناڕازین لەزیادكردنی بەهەناردەی نەوتی ئێرانو بەهۆكاری دابەزینی نرخی نەوتی دەزانن لەبازاڕەكانی جیهاندا، بەڵام ئەگەر نرخی نەوت بۆ 20 دۆلاریش دابەزیت ئەوان هەناردەكردنی نەوت راناگرن.
بەپێی قسەی وەزیری نەوت، ئێران پلانی هەیە هەناردەكردنی نەوت بۆ دو هێندە واتا گەڕانەوەی بۆ رێژەی هەناردەكردن پێش سەپاندنی سزاكان زیاد بكەن.
زەنگەن دەڵێت” زیاد كردنی هەناردەی نەوتی ئێران نابێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت، بەڵكو ئەوە مافی ئێرانە هەناردەی نەوت بۆ ئاستی پێش سەپاندنی سزاكان بگەڕێنێتەوە.