وه‌زیری شاره‌وانی بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی چاوه‌ڕێی وه‌زاره‌تی كشتوكالین

 
‎بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر کرێنشینان و فەرمانبەران وەزارەتی شارەوانی چاوەڕوانی کوژاندنەوەی بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و دوایین رێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.
 
‎بەپێی داتاکانی وەزارەتی شارەوانی ئێستا ئەو وەزارەتە بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و کرێنشینان پێویستی بە نزیکەی 150 هەزار پارچە زەویی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەیە.
‎لە 9ی ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە وەزیری کشتوکاڵ کردووە بە کوژاندنەوە و تەرخان کردنی زەوی کشتوکاڵی رازی بێت، وەزارەتی کشتوکاڵیش رەزامەندی لەسەر ئەو زەوییانە داوە کە بەردەڵانن و بە کەڵکی کشتوکاڵ نایەن.
‎نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند “تاوەکو ئێستا نەگەیشتوینەتە قۆناخی ئەوەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ زەوی رادەستمان نەکردبێت یاخود بەربەستی دروست کردبێت، چونکە هەندێک شوێن زەوییان ئامادەیە و کێشەیان نییە لەگەڵ کشتوکاڵ، بەڵام ئەوەی ئێمە ئێستا چاوەڕێی دەکەین رێنماییەکانی کۆتاییە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەدەستمان بگات”.
‎عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان رایگەیاند “زەوی بەردەڵانمان هەیە دەتوانین دابینی بکەین، واتە ئەو زەویانەی کە بەکەڵکی کشتوکاڵ نایەن. لەهەمان کاتدا هەرکاتێک زۆر پێویست بێت ئێمە ئەو کاتە کوژاندنەوە بۆ زەوی کشتوکاڵی دەکەین”.
‎ماوەی چەند مانگێکە فۆڕمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و کرێنشینان دابەشکراوە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی شارەوانی تاوەکو ئێستا زیاتر لە 296 هەزار فۆڕم دابەشکراوە، لەو رێژەیەش نزیکەی 55 هەزار کەسیان کرێنشینن.