بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، دوێنێ ھەینی نەوتی خاوی برینت بەبڕی دۆلارێکو ٩٨ سەنت کە دەکاتە رێژەی لەسەدا ٤.٢ نرخەکەی بەرزبووەوەو نرخی بەرمیلێک، گەیشتە ٤٩ دۆلارو ١٧ سەنت دوای ئەوەی لەدووشەممەی ھەفتەی رابردووەوە بەڕێژەی زیاتر لەسەدا ٣.٦ دابەزینی بەخۆیەوەبینی.
ھەروەھا نەوتی خاوی ئەمریکاش، بەبڕی دۆلارێکو ٧٧ سەنت بەرزبۆوەو نرخی بەرمیلێک نەوخی خاوی مامناوەندی رۆژئاوای تەکساس گەیشتە ٤٧ دۆلارو ٩٨ سەنت، لەکاتێکدا پێشوتر بەبڕی دۆلارێکو ٨٠ سەنت نرخەکەی دابەزیو ھەفتەی رابردووش بەڕێژەی زیاتر لەسەدا ٢ دابەزینی بەخۆیەوەبینی.
ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی، دوای دوو ھەفتە لەھەڵکشان دوێنێ ھەینی دۆلار نزیکەی لەسەدا ٥٠ دابەزی.
بڕیارە پێنجشەممەی داھاتوو ٢٣ی ئەم مانگە، راپرسییەکەی بەریتانیا بۆ مانەوە یان چونەدەرەوە لەناو چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا ئەنجامبدرێتو شرۆڤەکاران دەڵێن، رەنگە جارێکیتر نرخی نەوت بکەوێتە ژێر فشارەوە ئەگەر فشارو نیگەرانییەکان سەبارەت بەئەگەری چوونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتیەکە زیاتربێتو رەنگە بتوانێت، نرخی نەوت بۆ خوار ٤٠ دۆلار دابەزێنێت.
ھانس ڤان کڵیف، ئابووریناسی باڵا لەبانکی ABN Amroی ھۆڵەدندی ئاماژەیکردووە بەوەی، لەئێستادا تەنیا پرسی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لەئارادایە، پێش ئەوەی خەڵک دەستبکەن بەچاودێریکردنی ھۆکارە سەرەکییەکانی دیکەی پشت دابەزینو بەرزبونەوەی نرخی نەوت