گاز پرۆم نه‌فت چالاکییه‌کانی له‌ ھه‌رێمی کوردستان فراوانتر ده‌کات

له‌ میانه‌ی به‌شداریکردنی له‌ کۆڕبه‌ندی ئابووریی جیھانی له‌ شاری سان پترسبۆرگی ڕووسیا، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ “نێچیرڤان بارزانی” سه‌رۆک وه‌زیرانی ھه‌رێمی کوردستان و شاندی یاوه‌ری، له‌گه‌ڵ “ئه‌لکسانده‌ر دیۆکۆڤ” سه‌رۆکی کۆمپانیای گاز پرۆم نه‌فتی ڕووسیا کۆبووه‌وه‌.
 
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکی کۆمپانیای گاز پرۆم، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر چالاکییه‌ سه‌رمایه‌گوزارییه‌کانیان له‌ بواری نه‌وت و وزه‌دا له‌ ھه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بن و ھه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ داھاتوودا کاره‌کانیان له‌ ھه‌رێمی کوردستان فراوانتر بکه‌ن.
 لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی ھه‌رێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی به‌ بڕیاری به‌رده‌وامی و فراوانکردنی چالاکییه‌کانی کۆمپانیای گاز پرۆم نه‌فت له‌ ھه‌رێمی کوردستان ده‌ربڕی و ده‌ستخۆشی له‌و کارانه‌شیان کرد که‌ تا ئێستا له‌ ھه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامیان داوه‌، ئاماده‌یی خۆی و حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستانیشی بۆ ھه‌ر کارئاسانییه‌ک ده‌ربڕی که‌ ببێته‌ ھۆی ئه‌وه‌ی بواری وزه‌ له‌ ھه‌رێمی کوردستان گه‌شه‌ی پێ بدرێت.
 تاوتوێکردنی چه‌ند بابه‌تێکی دیکه‌ی په‌یوه‌ندیدار و بارودۆخی ناوچه‌ و عێراق و ھه‌رێمی کوردستان له‌ بواری ئابووری و دارایی و بازرگانییه‌وه‌، لایه‌نێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.