٦٠دۆنم پووش و پاوان سووتا

به‌ھۆی نزیک بوونه‌وه‌ی وه‌رزی ھاوین و به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌کانی گه‌رما و وشک بوونی گژوگیا، رووبه‌رێکی زۆری چیا و پێده‌شته‌کان تیایاندا وشک ده‌بێت، ئه‌وه‌ش ھۆکاریکی سه‌ره‌کیه‌ بۆکه‌وتنه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌کردنی ڕووداوی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌کان.
 
ئه‌و دیارده‌یه‌ش ساڵانه‌ چه‌ند جارێک دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کوژاندنه‌وه‌ و کۆنترۆڵ  کردنیان کارێکی زه‌حمه‌ته‌، ھاوکات زیانێکی زۆر به ‌سروشت و ژینگه‌ی کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، به‌و ھۆکاره‌وه‌ له ‌سنوری “گاپیڵۆن” ٦٠دۆنم پووش و پاوان سووتاوه.
 له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌قیدی پۆلیس “ھێمن که‌مه‌رخان” به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند: له ‌سنوری  گاپیڵۆن ئاگرێکی به‌رفراوان  که‌وته‌وه‌ و ده‌ستبه‌جێ مه‌فره‌زه‌کانی بنکه‌ی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی گاپیڵۆن گه‌یشته‌ شوێنی ڕووداوه‌که‌ و به‌ھاوکاری ئاسایشی گاپیڵۆن و ھاوڵاتیانی سنووره‌که‌ توانرا له‌ماوه‌ی  ٣کاتژمێردا ئاگره‌که‌ کۆنتڕۆڵ بکریت و رووبه‌رێکی زۆر پووش و پاوان له‌ سووتان رزگاربکرێت.
 زیانی ئاگره‌که‌ ٦٠دۆنم پووش و پاوان سووتاوه‌ و ھۆی که‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌که‌ به‌ھۆی ته‌قه‌مه‌نیه‌وه‌ سه‌ری ھه‌ڵداوه.
 ھێمن که‌مه‌رخان داوای له ھاوڵاتیان کرد، ژینگه‌ و سروشتی کوردستان بپارێزن به‌تایبه‌تی له‌م وه‌رزه‌دا ھاوڵاتیان روو ده‌که‌نه‌ ده‌شت و چیاکان زۆر دڵنیابن له‌ پاشماوه‌ی  ئاگر و پشکۆ له‌ دوای خۆیان به‌جێ نه‌ھیڵن بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌ساتی گه‌وره‌ روونه‌دات.