ئەڵمانیا ڤیزای شنگن دەداتە هاووڵاتیانی هەرێم

حكومەتی ئەڵمانیا لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند رێنماییەكی تایبەت بە وەرگرتنی ڤیزای شنگن دەداتە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، فەرمانگەكەش رایدەگەیەنێت، چیتر پێویست ناكات هاووڵاتیانی هەرێم بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیا سەردانی ئەنقەرە بكەن.
 
بەپێی نوسراوێكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كونسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیا لەهەولێر، چەند رێنماییەكی ئاڕاستەكردون بۆ پێدانی ڤیزا بەهاوڵاتیانی هەرێم.
بەپێی ڕێنماییەكان سەرجەم داواكارییەكانی وەرگرتنی ڤیزا بەمەبەستی بازرگانی، تایبەت، تێپەڕبون و پزیشكی و چارەسەریی پزیشكی دەبێت لەڕێگەی كۆمپانیای (iData)  وە پێشكەش بكرێت بەم ناونیشانە:
http://iraq.idata.com
هەروەها دەتوانرێت لەڕێگەی ناونیشانی ئەو ماڵپەڕانە نۆرەی چاوەڕوانی وەربگیرێت كە كونسوڵخانەی ئەڵمانیایە لەهەولێر 
www.erbil.diplo.de  یان ماڵپەڕی http://iraq.idata.com.tr .
لەنوسراوەكەشدا ئاشكراشكراوە، كونسوڵخانەی ئەڵمانیا تەنها كار لەسەر داواكاریی ڤیزای دێژخایەنی تایبەت بەخوێندن و كاركردن و یەكگرتنەوەی خانەوادەكان دەكات، هاوكات ئاسانكاریی سنوردارو تایبەت دەكرێت بۆ كەسایەتییە گرنگەكان وەكو، سەرۆكی وڵات، یان حكومەت و كاربەدەستە باڵاكانی حكومەتی هەرێم و هاوسەرەكانیان و شاندە فەرمییەكان، كە لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیا یاخود رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بانگهێشت دەكرێن. 
 
جێی ئاماژەیە ئەڵمانیا تاكە وڵاتی شنگنە ئێستا لەهەرێم هەموو جۆرەكانی داواكاریی ڤیزا وەردەگرێت، ڤیزای شنگن هەر27 وڵاتەكەی یەكێتی ئەوروپا دەگرێتەوە، كە وڵاتە گەورەكانی بریتین لە، نەمسا، ئیسپانیا، سویسرا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، بەلجیكا، پورتوگال، دانیمارك، سوید، فەرەنسا، نەرویج و هۆڵەندا.