عێراق مانگی داهاتوو 600 ملیۆن وەك یەكەم وەجبەی قەزرەكەی وەردەگرێت

راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرایكرد پێشبینی دەكەن لە كۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو، بڕی (600) ملیۆن دۆلار وەك یەكەم وەجبەی ئەو قەرزەی سندوقی نەختیەنەی نێودەوڵەتی وەربگرن.

 
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری حەیدەر عەبادی سەرەك وەزیرانی عێراق لەچاوپێكەتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند “حكومەتی عێراق مەرج و رێنماییەكانی سندوقی نەختیەنەی  پەسەندكردوەو وەڵامیشمان پێداون، پێشبینی دەکەن كۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی تەمووز (600) ملیۆن دۆلار وەك یەكەم وەجبە وەربگرن”.

 

راشیگەیاند لەو رێوشوێنانەی لەگەڵ سندوقی نەختینە پەسەندكراوە، پێدانی شایستە دارییەكانی كۆمپانیاكانی بواری نەوت کە لە عێراقدا كاردەكەن، تا كۆتایی ئەمساڵ.

سەبارەت بەو چاكسازییە ئابووریانەی كە بۆ وەرگرتنی قەرزەكە پێویست بوو مەزهەر محەمەد ساڵح  وتی “زیادكردنی باج و روسمات و بەرزكردنەوی نرخی كارەبا و باشكردنی رەوشی چاودێری بانكەكان و دژایەتی كردنی گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە”.

هەروەك وتیشی “هەندێك چاكسازیی دیكە داواكراوە كە خۆی دەبینێتەوە لە كۆنترڵكردنی كاروباری كۆمپانیا حكومیەكان و پێداوچوونەوەكردن بە لیستی مووچەخۆران و نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوار”.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا رەزامەندی نیشاندا لە ماوەی سێ‌ ساڵدا بڕی (5.4) ملیار دۆلار قەرز بەعێراق بدات، بەپێش مەرجی كۆمەڵێك رێوشوێنی كارگێری و ئابووریی كە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی خەرجیەكانی بەكاربردن و زیادكردنی داهاتە نانەوتیەكان .