٥١٣ گوندی كرماشان بەرێژەی دانیشتوانی نزیکەی٤٠ هەزار كەسەوە كێشەی كەمبوونی ئاویان هەیە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، ئیرەج شەهبازی بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی گوندەكانی پارێزگای كرماشان لە كۆبوونەوەی شوورای پلاندانانی ئەو پارێزگایەدا ڕایگەیاند: ” لە ٢٦٠٢ گوندی پارێزگای كرماشان، ٥١٣ گوند لە حاڵەتی ناچالاكی یا “بێبەشی”دان لە هێڵی گواستنەوەی ئاو و ٤٩٦ گوندیش نیوە چالاكن.
ناوبراو ئاماژە بە تێچووی قورسی پاراستن و چاككردنەوەی هێڵەكانی ئاو کرد و، ڕایگەیاند: “ئەو تێچووە بۆ هەر گوندێك لە ساڵیکدا ٢٠٣ میلیۆن تمەن و بۆ هەر تاكێك لە ساڵدا ٩٣٠٠ تمەنە”.
بوونی كێشەی ئاو لە گوندەكانی ناوچەی پڕئاوی زاگرۆسدا و باسكردن لە تێچووی قورسی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی خەڵكی ئەو گوندانە لە حاڵێكدایە كە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران هەموو ساڵێك بوودجەیەكی زۆر بۆ پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و لەوانەش پرۆژەكانی گواستنەوەی ئاو لە وڵاتانی وەك لوبنان، عێراق، سووریە و … تەرخان دەكات.