گرنگیدان بەكەرتی كشتوكاڵ وەك سەرچاوەی تری داهاتی هەرێم بە چارەسەری گونجاو دەزانرێت بۆ رزگاربوونی هەرێم لەقەیران و بوونی یەك سەرچاوەی داهات كە تائێستا بریتی بووە لەداهاتی نەوت.
بڕینی بەشە بوجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەند و جەنگی داعش و دواتریش دابەزینی نرخی نەوتو زۆری ژمارەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە رێژەی دانیشتوان ئابوری کوردستانیان خستە قۆناغێکەوە کە سەرجەم سیکتەرەکان توشی قەیران بن.
دوای زیاتر لە دوو ساڵیش تاوەکو ئێستا ئاسەوارەکانی قەیرانی دارای بەردەوامیان هەیە و هەمێشە ئابووریناسان ئاماژە بەوە دەدەن هەرێم گرفتی نەبوونی زیاتر لە یەکێک سەرچاوەی داهاتی هەیە.
دوای بەردەوامی قەیرانەکانیش هەوڵدان بۆ زیادکردنی سەرچاوەی تری داهات لە هەرێمی کوردستان بووە بە پرسی گەرم و لەو نێوەندەشدا بوژاندنەوەی زایتر کەرتی کشتوکاڵ گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆی هاوکاری کردنی جوتیاران تاوەکو کەرتی کشتوکاڵ وەک سەرچاوەی تری داهاتی هەرێم مامۆڵەی لەگەڵ بکرێت بووە بە پرسێکی جدی.
شارەزایانی کشتوکاڵێش ئاماژە بەوە دەدەن بوونی کەرتی کشوکاڵ وەک سەرچاوەیەکی داهاتی هەرێم پێویستی بە پلانێکی جدی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
شارەزایەکیش لەم بارەیەوە دەڵێت: هەلومەرجی گەشەسەندن و پتەوکردن و پاراستن کەرتی کشتوکاڵ دەتوانرێت پایەیەکی بەهێزی ئابووری وڵاتی لەسەر بنیات بنرێت چونکە هەموو بنەما سەرەکیەکان کە پێویست بێت بۆ گەشەسەندنی ئابووری وڵات لەو کەرتەدا هەیە تەنها پێویستی بە سیاسەتی گونجاوی حکومەتە بۆ ئەوەی سود لەم کەرتە وەربگیرێت و ئەم کەرتە بخاتە سەر پی خۆی.
شارەزەیەکی تر لەم بارەیەوە رایگەیاند: هەست دەکەم روناکایەک هەیە بۆ ئەوەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرەو لادێکان بڕوەتەوە و بە کشتوکاڵ کردنەوە خەریک بێت، ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەوەی کە حکومەت پاڵپشتی بکات و بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان بدۆزێتەوە ، چونکە سیستەمی بەبازاڕکردن زۆر گرنگە ئەگەر سیستەمی بازارکردن نەبێت خەڵکی بە کشتوکاڵیشەوە خەریک بێت لەوانەیە نەک سود لە کەرتی کشتوکاڵ نەبینرێت بەڵکو خەڵک لێ بێ هیواش بێت.
قەیرانی دارای لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان گەیشتوە بە ئاستێک جگە لەوەی موچەی فەرمانبەرانی کردوە بە نیوە بەپێی سیستەمی نوێی موچە لە هەمان کاتیشدا سەرجەم سێکتەرەکانیش بە قەیرانێکی قوڵی دارایدا گوزەر دەکەن و ئاسۆی چارەسەریشی تا ئێستا روون نیە .
هەموانیش لەسەر ئەوە کۆکن کە گرفتی دارای هەریمی کوردستان بوونی تەنها یەک سەرچاوەی داهاتە ، وەک شارەزایانی کەرتی کشتوکاڵیش ئاماژەی پێدەدەن خاک و ئاوو هەوای هەرێمی کوردستان لەبارە تاوەکو بتوانرێت کەرت کشتوکاڵ زیاتر ببوژێتەوەو بە بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵیش هەرێم دەبێت بە خاوەنی زیاتر لە سەرجاوەیەکی داهات و بەمەش چیتر گیرفانی گەرمی هاوڵاتیان چاوەری بەرز بوونەوەی نرخی نەوت ناکات و چارەنوسی قوتی هاوڵاتیان نابەسرێتەوە بە تەنها یەک سەرچاوەی داهاتەوە.