به‌رهه‌می‌ نه‌وتی‌ روسیا 10 ملیۆن به‌رمیلی‌ تێپه‌راند

به‌هۆی زیادبوونی به‌رهه‌می كۆمپانیا بچوكه‌كان و ئه‌و پڕۆژانه‌ی بیانییه‌كان تیایدا به‌شداری ده‌كه‌ن، به‌رهه‌می نه‌وتی رووسیا ئاستێكی پێوانه‌یی تۆمار كردو 10 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی له‌رۆژێكدا تێپه‌ڕاند.
به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ روسیا، له‌مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ رابردوودا به‌هۆی‌ زیادبوونی‌ به‌رهه‌می‌ كۆمپانیا بچووكه‌كان‌و ئه‌و پڕۆژانه‌ی‌ بیانیه‌كان تیایدا به‌شداری‌ ده‌كه‌ن، به‌رهه‌می‌ نه‌وتی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ئاستێكی‌ پێوانه‌ی‌ نوێی‌ تۆماركرد‌و به‌رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا (0.4) به‌رزبووه‌، به‌مه‌ش به‌رهه‌می‌ رۆژانه‌ی‌ نه‌وتی‌ روسیا گه‌یشته‌ 10 ملیۆن‌و 500 هه‌زار به‌رمیل،له‌كاتێكدا له‌مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵدا گه‌یشتۆته‌ 10 ملیۆن‌و 460 هه‌زار به‌رمیل.
حكومه‌تی‌ مۆسكۆ به‌نیازه‌ ئاستی‌ به‌رهه‌می‌ رۆژانه‌ی‌ نه‌وتی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ تا ساڵی‌ 2020 به‌لایه‌نی‌ كه‌مه‌وه‌ له‌ 10 ملیۆن به‌رمیل كه‌متر نه‌بێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ نیوه‌ی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ پشت به‌ داهاتی‌ نه‌وت‌و غاز ده‌ستێت.
جێی‌ ئاماژه‌یه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوودا به‌هۆی‌ رێككه‌وتنی‌ دابه‌شكردنی‌ به‌رهه‌م به‌رێژه‌ی‌ 7.6% له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیانه‌ی‌ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ روسیا كارده‌كه‌ن، به‌رهه‌می‌ رۆژانه‌ی‌ نه‌وتی‌ ئه‌و وڵاته‌ گه‌یشتوه‌ته‌ زیاترله‌ نۆ ملیۆن‌و 900 هه‌زار به‌رمیل،ئه‌مه‌ش یه‌كسانه‌ به‌ قه‌باره‌ی‌ به‌رهه‌می‌ نه‌وتی‌ سعودیه‌ له‌مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ رابردوودا، كه‌ به‌پێی‌ ئاژانسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وزه‌ له‌چاره‌كی‌ سێهه‌می‌ ئه‌مساڵدا حكومه‌تی‌ سعودیه‌ به‌رهه‌می‌ رۆژانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌نه‌وت بۆ نۆ ملیۆن‌و 600 هه‌زار به‌رمیل دابه‌زاند، له‌كاتێكدا له‌چاره‌كی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵدا رۆژانه‌ نۆ ملیۆن‌و 770 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ به‌رهه‌م ده‌هێنا.