نزیكەی حەوت ملیۆن كەس موچەخۆرن

 بەپێی بەدواداچونێكی (تۆڕی میدیای گۆڕان)،  لە عێراقدا (6 ملیۆن‌و 700هەزار) موچەخۆر هەیە، ساڵانە بودجەكەیان زیاتر لە (40 ترلیۆن) دینارە، لە هەرێمی كوردستانیش (ملیۆنێك‌و 415 هەزار) موچەخۆر هەیەو ساڵانە بودجەكەیان (10 ترلیۆن) دینارە.
پشتگوێخستنی كەرتەكانی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌و روكردنە داهاتی نەختینەیی نەوت‌و دامەزراندن‌و بڕینەوەی موچە بۆ خەڵك لەلایەن حزبەكانەوە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەكاندا، نەبونی پلان‌و بەرنامە لەلایەن حكومەتە یەك لەدوایەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستانەوە، وایكردوە لەدوای ساڵی 2003 ەوە ژمارەی موچە خۆران لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی نائاسایی روی لە هەڵكشان بكات.
بەپێی زانیارییەكان پێش روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 دا، ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق كەمتر لە (ملیۆنێك) كەس بوە، بەڵام لەدوای 13 ساڵ لە پرۆسەی ئازادی، ئێستا ژمارەی موچەخۆرانی عێراق لە (7ملیۆن) كەس نزیكدەبێتەوە.
وەك شارەزایان دەڵێن، بونی موچەی زۆرو دەرماڵەو خانەنشینی وایكردوە هاوڵاتیان بەشێوەیەكی بەرفراوان رو لە كەرتی گشتی بكەن.
ژمارەی موچەخۆرانی عێراق
2 ملیۆن‌و 900 هەزار فەرمانبەری كەرتی گەشتی
2 ملیۆن‌و 378 هەزار خانەنشین
600 هەزار فەرمانبەری كۆمپانیاكان
140 هەزار چەكداری حەشدی شەعبی
682 هەزار فەرمانبەری هەرێمی كوردستان 
كۆی گشتی موچەخۆران (6ملیۆن‌و 700هەزار) كەس، كۆی بودجەی تەرخانكراو بۆ موچە لە ساڵێكدا زیاتر لە (40) ترلیۆن دینارە.
لە هەرێمی كوردستانیش لەدوای ساڵی 2003 ەوە، بەهۆی نەبونی پلان لەلایەن حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی هەرێمەوە بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌و دامەزراندنی بەلێشاوی خەڵك لەلایەن حزبەكانەوە بەمەبەستی كۆكردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەكاندا، هەزاران كەس لەسەر بودجەی گشتی كراونەتە موچەخۆر.
بەبڕوای شارەزایانی ئابوری، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 10 ساڵی رابردودا كەمترین گرنگی بە كەرتی تایبەت‌و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری داوەو تەنها پشتی بە داهاتی نەوت بەستوە.
ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان
715 هەزار فەرمانبەری شارستانی‌و ئەمنی‌و سەربازی
26 هەزار فەرمانبەری گرێبەست
220 هەزار خانەنشینی سەربازی‌و شارستانی
420 هەزار موچەخۆری تۆڕی كۆمەڵایەتی
كۆی موچەخۆرانی هەرێم (ملیۆنێك‌و 415) هەزار كەسە، بودجەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێم بەر لە سیستمی پاشەكەوت (895 ملیار) دینار بوە.
بودجەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێم دوای جێبەجێكردنی سیستمی پاشكەوت (350) ملیار دینارە، بودجەی ساڵانەی موچەخۆرانی هەرێم بەر لە سیستمی پاشەكەوت (10 ترلیۆن‌و 680 ملیار) دینار بوە، بودجەی ساڵانەی موچەخۆرانی هەرێم دوای سیستمی پاشكەوت (4 ترلیۆن‌و 200 ملیار) دینارە.
بە بڕوای شارەزایانی ئابوری ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێكی كەمی ئەو بودجە گەورەیەی لە عێراقەوە وەك پشكی 17% بۆ هاتوە، بۆ بوژاندنەوەی كەرتەكانی تری تەرخانی بكردایەو بەرنامەیەكی تۆكمەی هەبوایە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی ئێستا دەیتوانی بەبێ‌ پشتبەستن بە داهاتی نەوت، خۆی بەرێوەبەرێت.