داهاتی داعش لە ساڵی ٢٠١٥ دا ملیارێك دۆلار بووە

“ساڵی 2015 داهاتی رێكخراوی داعش ملیارێك دۆلار بوە” ئەمە بەپێی زانیاری وەزارەتی خەزێنەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا.
بەگوێرەی راپۆرتێكی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا، رێكخراوی “داعش” لە ماوەی ساڵی رابردودا، یەك ملیار دۆلار داهاتی هەبوە، داهاتەكەشی لە چەند سەرچاوەی جیاوازەوە دەستكەوتوە.
دانییل گلازەر بەرپرس لە وەزارەتەكە باسی لەوەكردوە” داعش لەڕێگەی فرۆشتنی نەوت‌و بەقاچاخبردنی ئاسەوار‌و سەرانە‌و وەرگرتنی پارە لە بارمتە‌و وەرگرتنی كۆمەكی دارایی لە رێكخراو دەوڵەمەندەكان، توانیویەتی ئەو بڕە پارەیە كۆبكاتەوە‌و بۆ كڕینی چەك‌و موچەی چەكدارەكانی بەكاریبهێنێت”.
ئاماژە بەوەشدەكات” بەهۆی بۆردومانكردنی كێڵگە نەوتییەكانی ژێر دەستی داعش‌و پەكخستنی سەرچاوەكانی داهات‌و خاپوركردنی بانكەكانی، سەرچاوەی داهاتی داعش زۆر كەم بوەتەوە‌و ئێستا ئەو رێكخراوە بەدەست كەمیی پارەو داهاتەوە دەناڵێنێت”.
لە راپۆرتەكەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكادا ئەوەش ئاشكراكراوە” لەلایەن چەند تۆڕ‌و رێكخراوێكەوە لە وڵاتانی كەنداو، كۆمەكی دارایی رەوانەی داعش كراوە‌و ئەو پرۆسەیەش تائێستا بەردەوامە”.