ئیمارات: گه‌شتوگوزار هانی بانكه‌كان ده‌دات پاڵپشتیان بكه‌ن

به‌مه‌به‌ستی زیاتر بووژانه‌وه‌ی بانكه‌كان، كه‌رتی گه‌شتوگوزاری ئیمارات هانی بانكه‌كان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی دارایی پڕۆژه‌كانیان بكه‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌كه‌رتی‌ بانكی‌ ئیمارات رایگه‌یاند: كاریگه‌ری‌ ‌و لێكه‌وته‌كانی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ جیهان بوه‌ته‌ هۆی‌ گۆرانكاری‌ له‌ سیاسه‌تی‌ بانكه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ پاره‌داركردنی‌ پڕۆژه‌كانی‌ سه‌رمایه‌گوزاری‌،به‌شێوه‌یه‌ك له‌ئێستادا له‌ساییه‌ی‌ ئه‌و گه‌شه‌یه‌ كه‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ ئیمارات ‌و دوبه‌ی‌ به‌خۆیه‌وه‌ به‌دیی‌ ده‌كات بانكه‌كان پڕۆژه‌ گه‌شتیاریه‌كان پاره‌دارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ پێشتر بانكه‌كانی‌ ئیمارات بۆ گه‌شه‌پێدانی ئاستی‌ قازانجه‌كانیان پڕۆژه‌كانی‌ كه‌رتی‌ نیشته‌جێبوونیان پاره‌دار ده‌كرد.
وتیشی‌: “له‌ماوه‌ی‌ 11 مانگی‌ رابردوودا پاره‌داكردنی‌ پڕۆژه‌ گه‌شتیاریه‌كان‌و ئه‌و پڕۆژانه‌ی‌ وابه‌سته‌ی‌ ئه‌م كه‌رته‌ن به‌راورد به‌هه‌مان ماوه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوودا به‌رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 10 گه‌شه‌ی‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو له‌داهاتوودا كه‌رتی‌ گه‌شتوگوزار رۆڵی‌ پێشه‌نگی‌ ده‌بێت له‌گه‌شه‌پێدانی‌ ئابووری‌ ئیمارات.
به‌پێی‌ راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی (ئه‌لئیقتیسادیه‌) فه‌رمانگه‌ی گه‌شتوگوزاری دوبه‌ی به‌نیازه‌ به‌بڕی نزیكه‌ی سێ ملیار دۆلار پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری فراوان جێبه‌جێ بكات كه‌ رۆڵێكی باشی ده‌بێت له‌ زیادكردنی ژماره‌ی گه‌شتیاراندا.
هه‌روه‌ك راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ له‌ماوه‌ی نۆ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا 843 هه‌زار گه‌شتیاری سعودی سه‌ردانی دوبه‌یان كردووه‌‌و پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت  تاكۆتایی ئه‌مساڵ ئه‌و ژماره‌یه‌ بگاته‌ یه‌ك ملیۆن گه‌شتیار، ئه‌مه‌ش به‌راورد به‌ساڵی رابردوو به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 28 زیادیكردووه‌.
جێی‌ ئاماژه‌یه‌ به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ئیمارات داهاتی‌ هۆتیله‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ 10 ساڵی‌ رابردوودا گه‌یشتۆته‌ 105 ملیار درهه‌م، كه‌ له‌و ماوه‌ییه‌دا نزیكه‌ی‌ 67 ملیۆن كه‌س روویان له‌هۆتیله‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ كردووه‌‌و نزیكه‌ی‌ 197 ملیۆن شه‌و تێدا ماونه‌ته‌وه‌.