ئەمریكا: دەبێت دەرفەتی سەرهەڵدانی گەندەڵی لە هەرێم و عێراق بنبڕ بكرێت

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژە بەوەدەكات كە گەورەترین ئەستەنگ لەبەردەم گەشەپێدانی كەرتی تایبەت لەعێراق و هەرێمی كوردستان بریتبیه ‌له ‌گەندەڵی و رۆتینی ئیداری ناو فەرمەنگە حكومیەكان و نەبونی شەفافیەت.
جۆزیڤ پێنینگتن، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، “هەریەكە له ‌حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی قەیرانە ئابوریە هاوبەشەكەیان، پێویستیان بەوە هەیه ‌كه ‌پرۆسەی چاكسازی ئابوری دەستپێبكەن بەشێوەیەك كە بەڕاستی وزەی كەرتی تایبەت بخەنە گەڕ چونكە دواجار كەرتی تایبەته ‌وادەكات حكومەت تەنها پشت بەداهاتی نەوت نەبەستێت چونكە مەترسی پشتبەستن تەنها بەداهاتی نەوت بریتییە له ‌دروستبوونی ئەو قەیرانەی كە ئەمڕۆ هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق تێی كەوتوون بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە”.
وتیشی: “پێویستە چوارچێوەی كاری نیزامی كاریگەر گەشەپێبدرێت، ڕۆتینیاتی ئیداری لە فەرمانگە حكومیەكان كەمبكرێتەوە و یاسای گونجاو بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی دەربكرێت كە پێشتریش لە هەرێمی كوردستان كاری باشی لەسەر كراوه ‌بەڵام ئێمە هەمیشه ‌هانی بەردەوامی ئەو پرۆسەیه ‌ئەدەین و دەبێت دەرفەتی سەرهەڵدانی گەندەڵی بنبڕبكرێت و بەڕاستیش پێویستە دەرفەت بدرێت ئەو وزەیەی لە كەرتی تایبەت پەنگی خواردووەتەوە ژێرخانی ئابووری بەرەو پێشەوەبەرێت”.