داهاتی رۆژانەی باشماخ دەگاتە ملیارێک دینار

شاندێكی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران پڕۆتۆكۆلێكی 7 خاڵیان واژۆ کردوە و داهاتی رۆژانەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخیشگەیشتووەتە ملیارێک دینار.
وەفدێكی باڵای مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ  و ئەندامانی یەكێتی هاوردەوهەناردەكارانی شاری سلێمانی و چەند بازرگانێك،  لە سەردانێكیاندا بۆ شاری   قەزوین ، لەگەڵ بەرپرسانی  ئەو شارەدا، حەوت پڕۆتۆكۆلیان واژۆكرد.
 
سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، راگەیاند دوای ئەوەی لەكۆتایی مانگی ڕابردوودا، لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی مەرزی باشماخ و ئەندامانی یەكێتی و هاوردەكارانی شاری سلێمانی و چەند بازرگانێك، سەردانی شاری قەزوینی وڵاتی ئێرانمان كرد، توانرا حەوت پڕۆتۆكۆلی بواری بازرگانی لەنێوان ئێمە و ئێرانیەكاندا واژۆ بكرێت.
ئەو وتیشی پڕۆتۆكۆلەكان بەمەبەستی زیاتر بایەخدانە بەئابووری و بازرگانی و خزمەتكردنی زیاتر بەدانیشتووانی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ جێگری پارێزگاری قەزوین، گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پێوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران كرد و پێشنیاریشكرا لەئایندەدا سەردان و كۆبوونەوەكان بەردەوامبێت.
بەوتەی  سەرپەرشتیاری مەرزی باشماخ: بەجێبەجێكردنی رێكەوتننامەكە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوولادا دەگاتە 22 ملیۆن دۆلار. 
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، ساڵی 2015 داهاتی ئەو خاڵە سنوورییە بریتی بووە لە 217 ملیار و 500 ملیۆن دینار.
لەسەرەتای ئەمساڵدا تاوەكو ئێستا، لەگەڵ ئەوەی جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بارزگانی بە رێژەی زیاتر لە 50% كەمبۆتەوە، بەڵام داهاتی رۆژانەی مەرزەكە لەگەڵ وڵاتی ئێراندا، گەیشتۆتە زیاتر لەملیارێك دینار.
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، دەكەوێتە نزیكەی 10 كیلۆمەتری شارۆكەی پێنجوێن و یەكێكە لەچوار مەرزە فەرمی و نێودەوڵەتییەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێراندا و لە15 بەڕێوەبەرایەتی مەدەنی و سەربازی پێكدێت، بەدرێژایی ماوەی 24 سەعات، شۆفێرانی بارهەڵگر و ئوتومبێلە بچووكەكان و گەشتیاران هاتوچۆی لێوەدەكەن.