وەزارەتی بازرگانی عێراق هاوردەكردنی چەند جۆرێك جگەرە قەدەغەدەكات، روونیشیدەكاتەوە قەدەغەكردنەكە لەسەر راپۆرتی تەندروستی و دەزگا راوێژكارییەكان بووە.
عادل مەسعودی، بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای پێشانگا و خزمەتگوزارییەكان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرایكرد “بەشی هاوردەی كۆمپانیاكەیان لیستێكی ئامادەكردوە و ئەو جگەرانەى تێدایە كە قەدەغەكراوە بۆ بازارەكانی هاوردە بكرێن كە جۆرەكانی “گلواز، هاڤیر، میامی” لەخۆدەگرێت.
ئاشكراشیكرد “بڕیارەكەیان دوای ئەوە هات، ئەو كۆمپانیایانەی ئەو جۆرە جگەرانە بەرهەمدەهێنن، قەدەغەيه مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، دەشڵێت “رێگە بە هاوردەكردنی جگەرەی (پاين) دەدرێت كە لە كۆریای باشور بەرهەمدێت لەگەڵ جگەرەی (ئەسپین) كه بەرهەمی وڵاتی سویسرایە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، هەموو ئەو جگەرانەی دیكە كە هاوردەدەكرێن پێویستە بە گوێرەی رێنمایی و پێوەرەكانی كۆنترۆڵی جۆری عێراق بێت، كە تیایدا رێژەی قەتران و نیكۆتین و نیشانەكانی هۆشداری مەترسی جگەرەی لەسەربێت.