ژوری بازرگانی سلێمانی و سنە کۆبونەوە

 
بۆزیاتر ئاگاداربون لەکێشەو گرفتەکانی ڕەوشی بازرگانی لەنێوان شاری سلێمانی و شاری سنەدا نوێنەرانی ژوری بازرگانی هەردولا لەمەرزی باشماخ کۆبونەوە.
 
هەریەک لە یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری یەکەمی سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و دلاوەر عەلی سۆفی كەریم ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژور و د. سلام عبداللە ‌لێپرسراوی پەیوەندییەکانی ژور و بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ و نوێنەرانی کوالێتی کۆنترۆڵ و تەندروستی و کشتوکاڵ لەگەڵ شاندی بازرگانی و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندی دارەکانی شاری سنە کۆبونەوە بۆ قسەکردن لەسەر کێشەو گرفتەکانی بازرگانان لەسنورەکەدا.
 
لەکۆبونەوەکەدا باس لەهەمو ئەو کێشەو گرفتانەکرا کە لەمەرزی باشماخ دروستدەبێت بۆ بازرگانان و شۆفێران کەهەندێکجار ناڕەزای بازرگانانی لێدەکەوێتەوە.
 
شاندی بازرگانی هەردولا لەسەر ئەوە ڕێکەوتن ئەوکێشەو گرفتانەی لەسەر سنورەکان هەیە هەندێکیان چارەسەریان ئاسانەو هەوڵدەدرێت بەزوی چارەسەر بکرێت وەهەندێکیشیان لەدەسەڵاتی شاندەکاندا نیە بەڵام لەڕێگەی ئەوانەوە بەرزدەکرێتەوە بۆ لایەنی سەرو خۆیان و لەو کێشانە ئاگادار دەکرێنەوە تاهەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدرێت و ڕەوشی بازرگانی باشتر بکرێت.