حكومەتی ھەرێم بەنیازە كاروبارەكانی وەزارەتی كارەبا بە كەرتی تایبەت بسپێرێت و وتەبێژی وەزارەتی كارەباش ئاماژە بەوەدەكات، لەكاتی جێبەجێكردنی ئەو پلانەی حكومەت، نرخی كارەبا بەپێی شارو شارۆچكەكان گۆڕانی بەسەردا دێت، لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش، وتی: چواردە زۆن جیاكراوەتەوە كە لەھەر زۆنێكیش نزیكەی ١٠٠ ھەزار ھاوبەشی كارەبا ھەیە.
بەپێی زانیارییەكانیش “ناو شارەكان زۆنێكی جیاواز دەبێت لەزۆنی دەرەوەی شارەكان، بەشێوەیەك پێدانی كارەبا لەناوشار گرانتر دەبێت لەدەرەوەی شارەكان”، لەوبارەیەوە محەمەد ئەمین ھەورامی ئاماژەی بەوەكرد: “زۆنەكان بەشێوەیەكی دیكە گوزاشتی لێكراوە، ھەر ھاووڵاتییەك ئەگەر لەسەنتەری شارەكان بێت یان دەرەوەی شارەكان، تاوەكو زۆرتر سەرف بكات، نرخی كارەبا لەسەری زیاتر دەبێت”.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەكەن لەكاتی پێدانی كارەبا بەكەرتی تایبەت، حكومەت لەقەرزی كارەبای خۆشدەبێت، وتی: “تائێستا ھیچ رێنمایی و بڕیارێكی فەرمی نییە بۆ لێخۆشبوونی قەرزی بەشداربووان و ھەركاتێك كارەبا درا بەكەرتی تایبەت، ئەوكاتە قسە لەسەر ئەو قەرزی بەشداربووانیش دەكەین”.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا راشیگەیاند: نرخی كارەبا بەگوێرەی ستێپەكان دەگۆڕێت، ھەتاوەكو بەشداربوو زیاتر سەرف بكات، نرخەكەی گرانتر دەبێت، ئەوەشی خستەڕوو، “لەدوای پێدانی كارەبا بەكەرتی تایبەت، نرخی ئەمپێر (یەكە)ی كارەبا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەڵام تائێستا نرخەكە دانەنراوە”.