بەغدا لە قەرزەکەی بەشی هەرێمی کوردستان نادات

بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌تی‌ هه‌رێم پشكی‌ له‌و قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ نابێت كه‌ عێراق ده‌یكات، به‌هۆی‌ ئەوەی هەرێم داهاتی فرۆشتنی نەوتەکەی ناگەڕێنێتەوە بۆ حکومەتی ناوەند.
ئه‌حمه‌د حاجی‌ ره‌شید، بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ لە په‌رله‌مانی‌ عێراق  راگه‌یاند: ئه‌و قه‌رزه‌ی‌ عێراق له‌ سندوقی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دراو ده‌یكات، بڕه‌كه‌ی‌ پێنج ملیار و (400) ملیۆن دۆلاره‌، مه‌رجی‌ سندوقه‌كه‌ش بۆ عێراق، كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجیه‌كان و پێداچونه‌وه‌یه‌ به‌ لیستی‌ فه‌رمانبه‌ران و پێدانی‌ موسته‌حه‌قاتی‌ كۆمپانیاكانی‌ نه‌وت و غازە.
رونیشیكرده‌وه‌؛ قه‌رزه‌كه‌ نه‌ختینه‌یه ‌و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ كورتهێنانی‌ بودجه‌ی گشتیه‌، هه‌رێمی‌ كوردستانیش به‌ پێی‌  یاسای‌ بودجه‌ پشكی‌ (17%)ی له‌و قه‌رزه‌ ده‌بو  گه‌ر  پابه‌ندبوایه‌ به‌ راده‌ستكردنی‌ داهاتی‌ (550) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ رۆژانه‌ به‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند.
بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق جەختیشیکردەوە؛ به‌هۆی‌ پابه‌ندنه‌بونی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ راده‌ستكردنی‌ داهاتی‌ بڕی‌ دیاری‌ كراوی‌ نه‌وت، حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش ئاماده‌نیه‌ پشكی‌ هه‌رێم له‌ قه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بدات.