سلێمانی: رێژەی 90%ى گەنمی ئارد بەرهەمدێت

گەنم لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆراكی سەرەكی دادەنرێت و یەكێكە لەبەرووبوومە ستراتیژییەكان و لەسنوری پارێزگای سلێمانیش (90%)ى گەنمی ئارد بەرهەمدێت.

 
بەپێی ڕاپۆرتێكی گروپی دانەوێڵە و بەرووبوومە ستراتیژییەكانی سلێمانی كە لەکۆنفرانسی کشتوکاڵ تینوی وەبەرهێنانە پێشکەشیانکرد تیایدا دەڵێت “بەشی بەرهەمهێنان و پەسەندكردنی تۆو لەساڵی (2003)ەوە دەستیانكرد بەدابینكردن و دابەشكردنی بنەتۆ و بەسەر جوتیارانی پارێزگای سلێمانی لە هەردوو جۆری گەنمی نان (ئاراس و ئەدەنە 99)”.

بەگوێرەی راپۆرتەكە “لەسنوری پارێزگای سلێمانی بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆراك و بەرهەمهێنانی (240.000) تەن گەنم بۆ دابینكردنی خۆراكی دانیشتوانی ئەم سنورە و بۆ ماوەی یەك ساڵ، پێویستمان بە بڕی (20.000) تەن بنەتۆو بۆ داچاندنی (400.000 بۆ 450.000) دۆنم زەوی هەیە”.

ئاماژەبەوەشكراوە “لەپارێزگای سلێمانی بەرهەمهێنانی گەنمی نان بەڕێژەی زیاد (90%) گەنمی سنورەكەیە و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان یەكەمە، بۆ ئەمساڵیش وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریداوە لە سایلۆكاندا تەنها گەنمی نان وەربگرێت، واتا پشكی گەورەی وەرگرتنەوەی گەنم بەر سایلۆكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەكەوێت”.

لەئیستاداشدا سایلۆكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیان بە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران كردوە.