ژووری بارزگانی له‌سه‌ر گرانبوونی نرخی به‌نزین هاته‌ده‌نگ

 
سه‌رۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، پێدانی مۆڵه‌ت به‌بازرگانان بۆ هاورده‌كردنی به‌نزین به‌كوالێتی‌و نرخێكی گونجاو به‌رده‌وامه‌و هۆكاره‌كانی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی به‌نزینیش ئاشكراده‌كات.
(سیروان محه‌مه‌د) سه‌رۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ڕاگه‌یاند، هاورده‌كردنی به‌نزین له‌ئێستادا ئاساییه‌و هه‌ر كۆمپانیایه‌كی بازرگانیش، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كارئاسانی بۆ ده‌كرێت‌و ده‌توانێت به‌نزین هاورده‌ بكات.
سه‌باره‌ت به‌نرخه‌كه‌شی، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ڕوونكردنه‌وه‌یداو وتی:”نرخه‌كه‌ی به‌پێی نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهان‌و به‌های دۆلاری ئه‌مریكی له‌به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، هه‌ر ئه‌و دوو بابه‌ته‌ش بوونه‌ته‌ هۆكار بۆ به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین به‌راورد به‌ماوه‌كانی ڕابردوو”.
(سیروان محه‌مه‌د) ڕه‌تیشیكرده‌وه‌، هیچ قۆرغكارییه‌ك له‌هاورده‌كردنی به‌نزین هه‌بێت‌و ئه‌وه‌یخسته‌ڕوو، له‌هه‌ر شوێنێك نرخه‌كه‌ی‌و كوالێتییه‌كه‌ی گونجاو بێت، بازرگانه‌كان ده‌توانن به‌نزین هاورده‌ بكه‌ن.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر نرخی لیترێكی به‌نزینی نۆرماڵ، به‌نزین به‌(450) دیناربوو، به‌ڵام ئێستا نرخه‌كه‌ی بۆ (550) دینار به‌رزبۆته‌وه‌.