لە دنیابینی حكومەتی هەرێمدا كشتوكاڵ كەرتێكی فەرامۆشكراوە و لەدوای هەمو كەرتەكانی ترەوەیە، ئەوە تێڕوانینى وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمە بۆ کابینەکەى.
عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم لە كۆنفرانسی وەبەرهێنان لەکشتوکاڵدا لە سلێمانی ئاشكرایكرد؛ هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی لەباری هەیە بۆ بەهێزكردنی كەرتی كشتوكاڵ، بەوپێیەی خاكی بەپیت و كەشوهەوای گونجاو و دەستی كاری هەیە، بەڵام پێویستی بە هاوكاری هەیە.
ئەوەشى ئاشکراکرد کە سێ ساڵە هیچ بودجەیەك بۆ كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێم تەرخان نەكراوە، لەكاتێكدا هەرێم لەقەیراندایە و بۆ تێپەڕاندنی پێویستی بە بوژاندنەوەی ئەو كەرتە هەیە.
وتیشی: “سەرەڕای ئەوەی بودجە بۆ ئەم كەرتە تەرخان نەكراوە، بەڵام كەرتی كشتوكاڵ بە رێژەی (10%) بەشدارە لەداهاتی هەرێمدا”.
عەبدولستار مەجید باسى لەوەشکرد کە توركیا و ئێران بەدروستكردنی بەنداو مەترسیان بۆسەر ئاو و ئاودێری و بەنداوەكانی هەرێم دروستكردوە، بۆیە لەپەیوەندیدان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بۆئەوەى بەئەندازەیەك سود لەو ئاوانە وەرنەگرن كە زیان بەهەرێمی كوردستان بگەیەنێت.