كۆبونەوەی ئۆپیك بە بێ ئەنجام كۆتایی هات

 
كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئۆپیك هیچ ڕێكەوتنێكی لێنەكەوتەوە، بەڵام سعودیە بەڵێن دەدات بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی زیادنەكات و بازاڕی نەوت تووشی شۆك نەكات. 
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەندامانی ڕێكخراوی دەوڵەتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا كۆبونەوە، بەڵام بەپێی رۆیتەرز كۆبونەوەكە بەبێ هیچ گۆڕانكاریی و ڕێككەوتنێك لە سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوتدا كۆتایی هات.
لە بەیاننامەی كۆتایی كۆبونەوەكەدا باسی جێگیركردن و دانانی سەقفێك بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت نەكراوە.
وتەبێژێك بەناوی ئۆپیكەوە ڕایگەیاندووە ئۆپیك پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاندووە بە بەردەوامیدان بە بازاڕێكی سەقامگیری نەوت و كۆبونەوەی داهاتووی ئۆپیك لە 30 ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا سازدەكرێت.
لە رووداوێكی دەگمەندا،  ئەندامانی ئۆپیك بەكۆی دەنگ محمەد باركیندۆ، وەزیری نەوتی نەیجیریان، بە سكرتێری گشتی ئۆپیك هەڵبژارد.  
لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا ئەندامانی ئۆپیك هەوڵیاندا سەقفێكی نوێی هاوبەش بۆ ئاستی بەرهەمهێنان دابنێن، بەڵام بەهۆی بەرهەڵستی ئێرانەوە كۆبونەوەكە بەبێ هیچ ئەنجامێك كۆتایی هات.
 دوابەدوای كۆبونەوەكە خالید فالح، وەزیری نەوتی سعودیە،  بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەكانی بازاڕی نەوت بەڵێنیدا وڵاتەكەی بە لێشاو بازاڕی نەوت پڕنەكات لە بەرمیلە نەوتی زیادە، ڕونیشیكردەوە “هیچ هۆكارێك نیە ئێمە بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكەین و بازاڕ تووشی شۆك بكەین”.
بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران،  لەكۆبونەوەكەدا ڕایگەیاندووە ئێران بەهیچ شێوەیەك پشتگیری لە هیچ ئاستێكی هاوبەش ناكات بۆ جێگركردنی بەرهەمهێنانی نەوت و جەختیكردەوە، ئێران دەیەوێت لەسەر ئاستی وڵاتان ڕێژەی بەرهەمهێنان دیاری بكرێت، كە پێشنیارێكە چەند ساڵێكە لەلایەن ئۆپیكەوە پشتگوێ خراوە. 
زەنگەنە وتی “بەبێ دانانی ڕێژە بۆ هەر وڵاتێك ئۆپیك ناتوانێت هیچ شتێك كۆنترۆڵ بكات و بەپێی ئاستی بەرهەمهێنانی مێژوویی ئێران شایستەیە نزیكەی پشكی لە %15ی سەرجەم بەرهەمهێنانی ئۆپیكی بەربكەوێت.” 
ئێستا ئۆپیك رۆژانە (32.5) ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا بەرهەمدەهێنێت و بە پێی پێشنیاری پشكی %15 سەرجەم بەرهەمهێنانی ئۆپیك، رێژەی ئێران لە بەرهەمهێنانی دەكاتە (4.7) ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا كە ئەوەش زۆر بەرزترە لە ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای كە بریتییە لە (3.8) ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا.