دەرماڵەی ھاوسەر و منداڵی مووچەخۆران نامێنێت

ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو مەرجانەی کە سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق دایناوە پێویستە ھەندێک دەرماڵە و خەرجی حکوومی کەمبکرێنەوە.
زاھر ئەلعەبادی ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  رایگەیاند، لەگەڵ کەمکردنەوەی دەرماڵەکان لەو دەرماڵانە پێویستە دەرماڵەی ھاوسەر و منداڵ ببڕدرێت، ھەورەھا پێویستە بەشە ‌خۆراکی مانگانەی ھاووڵاتیان و پشتیوانی لە نرخی بەنزین و کارەباش ببڕدرێت.
زاھر ئەلەعبادی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕین و کەمکردنەوانە پێویستیان بە رەزامەندی ئەنجوومەنی نوێنەران نییە و حکوومەت خۆی دەتوانێت ئەو کارە بکات.
بە ھۆی ئەو قەیرانە داراییەی رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، بەغدا ناچارە قەرز لە سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی وەربگرێت و بە گوێرەی مەرجەکانی ئەو سندوقەش دەبێت حکومەت خەرجییەکانی کەمبکاتەوە.