بانکی ناوەندی عیراق، بڕی ١٣٠ ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، ئەوەش بەراورد بەرۆژی پێشوو کە ١٣٤ ملیۆن دۆلار بوو دابەزینی بەخۆوەبینی.
بانکی ناوەندی عیراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوار شەممە بڕی ١٣٠ ملیۆن و ١٩ ھەزار و ٦٥٥ دۆلاری بە نرخی ١١٨٢ دینار بۆ دۆلارێک فرۆشتووە، لە پرۆسەی فرۆشتنەکەشدا، ٣٢ بانک و ١٨ کۆمپانیای حەواڵەی دارایی بەشدارییان کردووە.
ھەروەھا لەبەیاننامەکەدا ھاتووە “فرۆشتنی دۆلار بە کۆمپانیاکانی حەواڵەی دارایی گەیشتووەتە ١١٦ ملیۆن و ٩٩٠ ھەزار ٦٥٥ دۆلار، ١٣ ملیۆن و ٢٩ ھەزار دۆلاریش بەشێوەی کاش فرۆشراوە”.
بانکی ناوەندی جەختی لەسەر بەردەوامبوون لەسەر فرۆشتن و کڕینی دۆلار بە بەھای ١١٨٢ دینار کردەوە، بەھای فرۆشتنی دۆلاریشی بۆ کۆمپانیاکانی حەواڵەی دارایی بە ١١٩٠ دینار بۆ دۆلارێک دیاریکرد کە عمولەی ٢٤ دینار بۆ ھەر دۆلارێکی لەگەڵدا بووە.
فرۆشتنیش بە شێوەی کاش، بە بەھای ١١٨٢ دینار بووە بۆ دۆلارێک کە ٢٤ دینار بۆ ھەر دۆلارێک عمولەی بانکی ناوەندی لەگەڵدابووە.
بەپێی ئامارێک، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٦ تا کۆتایی مانگی (نیسان/٤)ی ئەمساڵ، بانکی ناوەندی عیراق ١٠ ملیار و ١١٨ ملیۆن و ٣٠٨ ھەزار و ٥٢٤ دۆلاری لە فرۆشتنی ئاشکرای دراوە بیانییەکاندا فرۆشتووە، ئەوەش نزیکە لە ئاستی داھاتەکانی فرۆشتنی نەوتی عیراق لەو ماوەیەدا کە گەیشتووەتە ١٠ ملیار و ٧٤٨ ملیۆن دۆلار.
ماوەیەکە بەھای دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی لە بازاڕەکانی ناوخۆدا بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، ئەمرۆِش بەھای ١٠٠ دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی لە بازاڕەکانی شاری سلێمانی بە ١٢٩ ھەزار و ٧٥٠ دینار بوو.