ئاژانسی بلومبێرگی ئابووری ئاشكرایكردووە: دوای 40 ساڵ لەشاردنەوەو ناڕوونی، دواجار وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا پەردەی لەسەر نهێنی ئەو ترلیۆن دۆلارانە لادا كە بەشێوەی قەواڵە داراییەكان لەدەرەوەو ناوەوەی وڵاتدا بەشێوەی قەرز هەیەتی.
ئەوەی جیگەی سەرنجی هەموو جیهانەو مشتومڕیكی زۆری بە دوای خۆیدا هیناوە ئاشکرا بوونی ناوی ئەو شەش وڵاتەی کەنداوە کە بریتین لە ( سعودیە ، ئیمارات ، کوەیت ، قەتەر ، عومان ، بەحرین ) سەرجەمیان پێکەوە بە بەهای ٢٣١ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار قەواڵەی خەزینەی ئەمریکایان کریوە.
زانیاریەکانی خەزێنەی ئەمریکا ئاشکرایان کردوە سعودیە لە پلەی یەکەمی وڵاتانی کەنداو دایەو خاوەنی ١١٦ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلارە دوای ئەویش ئیمارەت دیت کە خاوەنی ٦٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە ، ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە ٩ وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت بە بەهای ٢٤٨ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە قەواڵەکانی خەزێنەی ئەمریکادا کردوە .
ئاماژەی بەوەشداوە: زۆرترین قەرزەكانی ئەمریكا كە دەكاتە 12 ترلیۆن و 900 ملیار دۆلار لەناوخۆی وڵاتەكەی خۆیداوە، لەدەرەوەش لەپلەی یەكەم لەسەر ئاستی جیهان، چین هاتووەو خاوەنی یەك ترلیۆن و 244 ملیار دۆلارە.
شارەزایانی ئابووری ئاشكرایانكردوە: بونیاد نانی سیستەمی ئابووری جیهان لەسەر بنەمای بیرۆکەی قەواڵەکانی خەزینەی ئەمریکا دارێژراوەو لە هەموو ڕوێکەوە زۆر پارێزراوە ئەوەش وای کردەوە زۆرینەی وڵاتان وەبەرهێنانی تێدا بکەن بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەمریكا لەو رێگەوە توانیوتی كۆنتڕۆڵی ئابووری جیهان بكات و هاوكات هەڕشەش بێت بۆ سەر سیاسەتی نەختینەی وڵاتان.