نێچیرڤان بارزانی داوا ده‌كات له‌و 15 ملیار دۆلاره‌ی به‌قه‌رز ده‌درێته‌ عێراق هه‌رێم بێبه‌ش نه‌كرێت

ئەمڕۆ دووشەمە 30 ئایار، لە میانەی راگەیاندنی ریفۆرمی ئابووری  3 ساڵەی حكومەتی هەرێمی  كوردستان و بانكی نێودەوڵەتی،  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەكرد، خواست لەسەر دامەزراندن كەمدەكەینەوە و كەرتی گشتی بەرەو بچووكبوونەوە دەبەین.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەروو، حكومەتی هەرێمی كوردستان كەموكوڕی زۆری هەیە لە پەیكەری كارگێری، پێویستە بە پێی پلانی كورتخایەن و مام ناوەند و درێژخایەن گۆڕانگاری و چاكسازی تێدابكرێت.

بارزانی لە میانەی وتارەكەیدا، رونیشیكردەوە، بۆ بەرەوپَشبردنی ئابووری هەرێمی كوردستان، حكومەت پلانی خۆی هەیە و گرنگی بەو بوارانە دەدەن كە دەبنە جێگرەوەی نەوت و  غاز .

ئەوەشی وت ” قەیرانی درایی كێشەی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە، وایكردووە حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزی دەرەكی بكات و  پاشەكەوت لە موچەی فەرمانبەران بكات و هەزاران پڕۆژە رابگرێت”.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكراشیكرد، ئەو پلانەی حكومەتی هەرێم دایڕشتوووە بۆ ریفۆرمی ئابووری بە هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی دەبێـتە هۆكاری باشتركردنی بارودۆخی خەڵكی هەژار و نەدار و هۆكارێكیشە بۆ ئەوەی  هەلی كار برەخسێ و سەقامگیری ئابووری دروست بێـت.

بارزانی، ئەوەشی خستەروو، لە قۆناغی یەكەمی پلانی ریفۆرم، بانكی نێودەوڵەتی  بەشێوەكی زانستی هاوكاری  پێشكەشی هەرێم كردووە و پێویستیشە لە قۆناغی دووەم  بانكی نێودەوڵەتی هاوكاری تەكنیكی پێشكەش بكات.

نێیچرڤان بارزانی، ئاماژەشی بەوەكرد، دەمانەوێ كەرتی تایبەت و كەرتەكانی گەشتیاری و پیشەسازی و كشتوكاڵ بەرەو پێش ببەین، بۆ ئەوەی خواست لەسەر كەرتی گشتی كەمبكەینەوە و ئەم كەرتە بچووك بكەینەوە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتیشی ” تاوەكو ئێستا كەرتی تایبەت پشت بە سیستمی بانكی نابەستن و رێژەی پست بەستنەكە لە 3% ، بۆیە دەبێ سیستمی بانكی لە بنەڕەتدا بگۆردرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو قەیرانەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە حكومەتی هەرێمی خستووە بەڵام نەیكوشتووە و خاڵی بەهێزیان هەیە لە هەرێم بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە.

وتیشی ” كۆمپانیا نەوتیەكانی جیهان كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن دڵنیادەكەینەوە حكومەتی هەرێم پابەندە بە ئیلتیزامەكانی خۆی”.

بارزانی،  سوپاسی سەرۆكەكانی وڵاتانی گروپی G7 كرد بەهۆی ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر لە راگەیاندراوێكیاندا لە وڵاتانی ژاپۆن ئاماژەیان بەوەكردووە لەو بڕە قەرزەی دەیدەنە عێراق پشكی هەرێمی كوردستانیشی تێدا دەبێت.

 

داواشیکرد لەو 15 ملیار دۆلارەی بە قەرز دەدرێتە حکومەتی عێراق، پشکی حکومەتی هەرێمیشی تێدا بێت.