ئابوریی عیراق .. هه‌ڕه‌شه‌ و هیواكان

 
ئابوریی عیراق له‌م بارودۆخه‌دا به‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌كردن و پشتیوانیی ناسراوه‌ به‌ره‌و په‌ره‌پێدانێكی پێشكه‌وتو  ، له‌وانه‌:
1-     سامانێكی كانزایی زۆری نه‌وت و گۆگرد و كانزاكانی تر .نه‌وت بوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی بۆ چالاكییه‌ ئابورییه‌كان  به‌ تایبه‌ت بۆ پاڵپشتیكردنی بودجه‌ی حكومیی و هاورده‌كان و پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك  . نزم بونه‌وه‌ی زۆری نرخی نه‌وت كاری نێگه‌تیڤی كرده‌ سه‌ر باری ئابوریی له‌ وڵاتدا ، ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ ئه‌ركێكی سه‌خت كه‌ وڵات روبه‌ڕوی بوه‌ته‌وه‌ .
2-     هێزیكی  كاری ساز و ئاماده‌ هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر رێوشوێنه‌ پێویسته‌كانی بۆ دابین بێت .
3-     سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆری ئاو هه‌یه‌ بۆ پشتیوانیكردنی ئابوریی له‌ بواره‌كانی كشتوكاڵ و وزه‌ ،سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ ژێر گوشار و كاریگه‌ریی ئیقلیمیی دراوسێكانیشدایه‌.
جگه‌ له‌وانه‌ ، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ ئارادایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رتاپای ئابورییه‌كه‌ ببێته‌ ئابورییه‌كی داخراو  و نه‌توانێت گه‌شه‌ سه‌ندنێكی ئاسایی به‌ خۆوه‌ ببێنێت ئه‌گه‌ر  كۆمه‌ڵێك چاكسازیی  ئابوریی  پێویستی تیادا نه‌كرێت به‌و مانایه‌ی كه‌ چاكسازیی ئابوریی دروشمی قۆناغی ئێستا و داهاتوشه‌ .
ته‌وه‌ره‌كانی چاكسازیی چڕ ده‌بنه‌وه‌ له‌ هه‌ڕه‌می بنیاتنانی ئابوریی و زامنكردنی لابردنی پاوانكردنی كه‌رتی گشتیی له‌سه‌ر چالاكییه‌ ئابورییه‌كان به‌و ئامانجه‌ی  كه‌رتی تایبه‌ت بتوانێت رۆڵی پێشه‌نگ ببینێت له‌ ئابوریی نیشتمانیدا  تا به‌دوایدا قه‌یرانی بانكی چاره‌سه‌ر بكرێت به‌ پێی پێشنیازه‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تیی و په‌یڕه‌وه‌ كردنی به‌ڕێوه‌بردنێكی  ئابوریی كارامه‌.
 هاوكات پێویسته‌ كێشه‌كانی كار و بێكاریی و خراپیی  بارو گوزه‌رانی  كۆمه‌ڵایه‌تیی چاره‌سه‌ر بكرێن به‌و جۆره‌ی  كه‌مكردنه‌وه‌ی روبه‌ری بێكاریی  و بوژانه‌وه‌ی نه‌ش ونمای  كه‌رته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ كشتوكاڵ و پیشه‌سازیی و گه‌شتیاریی زامن بكرێت و چاو بخرێته‌ سه‌ر به‌دیهێنانی پره‌نسیبی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی .چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بێكاریی گرنگییه‌كی تایبه‌تیی هه‌یه‌ ، چونكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی ملیۆنان گه‌نج كه‌ ناتوانرێت هه‌لی كاری باشی كاركردنیان بۆ دابین بكرێت . به‌ گوێره‌ی ئاماره‌ ره‌سمییه‌كان   ژماره‌ی ده‌رچوانی زانكۆكان   ئه‌وانه‌ی به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێن  ساڵانه‌ ده‌گاته‌  زیاتر له‌  250 هه‌زار كه‌س  ،ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات  ئه‌گه‌ری په‌ره‌سندنی بێكاری له‌ عێراق فراوانتر بێت  له‌ ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌ بونی ساڵانه‌ و سه‌رجه‌مه‌كه‌ی گه‌یشتۆته‌  زیاتر له‌ %20 هێزی مرۆیی .دوباره‌ دانانه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی له‌ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت به‌و جۆره‌ی هه‌ڵسانه‌وه‌ و بوژانه‌وه‌ له‌ كشتوكاڵ و پیشه‌سازیی و هه‌مو  چالاكیه‌كانی  به‌رهه‌مهێنان   زامن بكات ، مه‌رجێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی په‌ره‌پێدانێكی به‌رده‌وام كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌م قۆناغه‌دا  .
   ئه‌و به‌رنامه‌ حكومییه‌ی كه‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆك وه‌زیر رایگه‌یاند  هیوایه‌ك ده‌به‌خشێت  بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ و زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆ په‌ره‌پێدانی مرۆیی پێشكه‌وتو به‌ پێی راسپارده‌كانی كه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌ ،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌خشه‌یه‌كی رێگای رۆشن نییه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی  به‌رنامه‌كه‌ .
پاشكۆی یه‌كه‌م
سه‌رله‌نوێ دانانه‌وه‌ی  هه‌ڕه‌می  بنیاتنانی ئابوریی
یه‌كه‌م. رووپێویی سه‌ره‌تایی بۆ باری كۆمپانیا گشتییه‌كانی عیراق : 
   176 كۆمپانیا هه‌یه‌ 175یان توێژینه‌وه‌یان  له‌باره‌وه‌ كراوه‌  تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك له‌ باره‌ی 19 كۆمپانیا نه‌دراوه‌ سه‌ر باری ناردنی نوسراوی زۆریش ، به‌گوێره‌ی  توێژینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتوه‌ 43 كۆمپانیا له‌ ساڵی 2013 دا قازانجیان كردوه‌ یاخود هه‌میشه‌ له‌ قازانج كردندا ده‌بون ئه‌گه‌ر  ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌بوایه‌ كه‌ ساڵی 2014 ۆروی كرده‌ عیراق  و شه‌ڕی دژی تاقمی داعش ، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئابوریی عیراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی  كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری شه‌پۆلی دابه‌زینی گه‌شه‌كردن كه‌ هاوكاتی ئه‌و روداوانه‌ بوو.
 
 
 
دووه‌م .  گرنگترین راسپارده‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی باری كۆمپانیاكان :
 
1- هێشتنه‌وه‌ی كۆمپانیا براوه‌ و قازانج كردوه‌كان كه‌  (44) كۆمپانیان ، له‌وانه‌  (12) كۆمپانیا له‌  وزاره‌تی پیشه‌سازیی ،(17) كۆمپانیا له‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت ، (7) ) كۆمپانیا له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ ،(3) ) كۆمپانیا له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانیی ،(3) ) كۆمپانیا له‌ وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو ،(2) ) كۆمپانیاش له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ، هاوكات  راسپارده‌كه‌ داوایكردوه‌ هه‌مو كۆمپانیاكان بخرێنه‌ ژێر چاكسازیی كارگێڕیی و ئابوریی بۆ باشتر كردنی به‌رهه‌مهێنانیان  وه‌ك له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتوه‌.
 
2- هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ زیانیان كردوه‌  وژماره‌یان ا (17) كۆمپانیان  ، كه‌ به‌پێی بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ڵكیان نیه‌ و ره‌وانه‌ی  پاڵاوگه‌ی كۆمپانیاكان كراون ، له‌وانه‌  (12) ) كۆمپانیا له‌ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازیی ؛ چونكه‌ سودی نییه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌ركی قورسیشیان له‌سه‌ر لاببرێت ،(5) ) كۆمپانیاش له‌  ته‌سنیع  عه‌سكه‌ریی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی  له‌ ریز به‌ندییه‌دان كه‌  سودیان لێ وه‌رناگیرێت .
 
3- (96)  كۆمپانیا له‌ وه‌زراته‌ جیاجیاكانه‌وه‌  ده‌رخسته‌یان كردوه‌ بۆ وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی و بیانیی به‌ پێی شێوازی هاوبه‌شیی و شه‌راكه‌ت له‌ كارگێڕیی و خاوه‌نداریه‌تی و فرۆشتنی هه‌ندێك له‌ كارگه‌كان به‌ كه‌رتی تایبه‌ت یان گۆڕینی هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكان به‌ كۆمپانیای هاوبه‌شیی و پشكداریی ، ئه‌وه‌ش دوای چاكسازیی كارگێڕیی و چاره‌سه‌ركردنی كرێكاری زیاده‌ و رێوشوێنه‌كانی به‌رهه‌مهێنان تا سه‌رنجی وه‌به‌ر هێنه‌ران رابكێشرێن.
 
4- په‌ره‌پێدانی كاری كۆمپانیاكان و چاككردنی به‌رهه‌مهێنانیان له‌رێی گرتنه‌ به‌ری چه‌ند رێكارێكی په‌یوه‌ست به‌ توانای كارگێڕییان رزگار بونیان له‌ هه‌ندێك رێوشوێنه‌ حكومییه‌كان كه‌ كۆسپ دروست ده‌كات له‌به‌رده‌م كاره‌كانیان به‌ گوێره‌ی پێودانگه‌ بازرگانییه‌كان ، وه‌ك له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌.
 
5- كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی په‌ره‌پێدانی كاره‌كان له‌و وه‌زاره‌تانه‌ی كه‌ خاوه‌نی ئه‌و كۆمپانیا ،ئه‌ركی سه‌نته‌ره‌كه‌ چاره‌سه‌ركردنی كاروباری كرێكاری زیاده‌ ده‌بێت و ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ دابینكردنی موچه‌كانیان تا ئه‌و كاته‌ی سه‌نته‌ره‌كه‌ رێوشوێنی دیاریی كراو  ده‌گرێته‌ به‌ر  به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌یسێك.
 
6- توێژینه‌وه‌كه‌ رایسپاردوه‌ ، كه‌یسی هه‌زاران كارمه‌ند كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 50ساڵ زیاتره‌  و خزمه‌تیان له‌ 15 ساڵ تێپه‌ڕ بوه‌ ره‌وانه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار كردن بكرێن له‌ وه‌زراه‌ته‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی  حاڵه‌ته‌كانیان  به‌پێی رێگه‌ چاره‌ دیاریكراوه‌كان كه‌ له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا باسكراوه‌ ، له‌وانه‌ هاندانیان بۆ خانه‌نشینیی یان سه‌رله‌نوێ دابه‌شكرنیان و به‌سه‌ر شوێنی تر و هاندانیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌كه‌رتی تایبه‌تدا كار بكه‌ن  … هتد..
 
7- ره‌چاوكردنی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ تا چه‌ند ده‌توانرێت  ده‌ستبه‌رداری ئه‌و كرێكارانه‌ ببین یان كه‌م بكرێنه‌وه‌  كه‌ به‌رۆژانه‌ كار ده‌كه‌ن ، ژماره‌شیان هه‌زاران كه‌سه‌. 
 
سێیه‌م ً. میكانیزمی جێبه‌جێكردنی پێشنیازكراو : 
 
1-  دوای گفتوگۆ و توێژینه‌وه‌ ،راده‌سپێردرێت رێوشوێنی گونجاو بگیرێته‌ به‌ر بۆ  جێبه‌جێكردنی راسپارده‌كانی ناو توێژینه‌وه‌كه‌  ، به‌مجۆره‌:
 
2-  پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵا له‌ لێهاتوان و ئابوریی ناسان و  پسپۆڕانی بواری پیشه‌سازیی و كه‌رتی تایبه‌ت  بۆ به‌دواداچونی جێبه‌جێكردنی رێوشوێنه‌كان به‌ره‌و چاكسازیی سه‌رله‌نوێ دانانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌می  كۆمپانیا گشتییه‌كان ، كاره‌كانیشی پاڵپشتیی كردنه‌ له‌ چاودێریكردن و به‌دواداچونی به‌رنامه‌ی حكومیی .
 
3- ده‌ركردنی فه‌رمانێكی دیوانیی  بۆ پێكهێنانی سه‌نته‌ری  په‌ره‌پێدانی كاره‌كان له‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندا  .
 
4-  ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه‌ قازانج ده‌كه‌ن  به‌رده‌وام ده‌بن له‌ دابینكردنی موچه‌ی كارمه‌نده‌كانیان كه‌ ره‌وانه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار ده‌كرێن. 
 
5- لیژنه‌ی ئاماژه‌ بۆ كراو له‌ خاڵی  (2) له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی داراییدا راوێژ ده‌كات بۆ پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌كان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی موچه‌ی كارمه‌نده‌كانی تری كۆمپانیا زیان كردوه‌كان  له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ ره‌وانه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كاره‌كان كراون   .
 
پاشكۆی دوه‌م 
 پوخته‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی ستراتیژیی بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت   له‌ نێوان (2014-2030) كه‌ “كۆمیسیۆنی راوێژكاران”ی سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ نیسانی  2014 ئاماده‌یكردوه‌ .
 
1- ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ بواره‌ ئابورییه‌كانه‌وه‌ و  راسته‌وخۆ له‌ ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تدان   تا راده‌یه‌ك كه‌رتی تایبه‌تی لاواز كردوه‌  و زۆربه‌ی كاره‌كانی په‌ك خستوه‌  و هه‌لی كاری كه‌مكردۆته‌وه‌ كه‌ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌یڕه‌خسێنێت.
 
2- سه‌رباری توانای پاڵپشتیی كه‌ داهاته‌كانی نه‌وت دابینی ده‌كات بۆ بودجه‌كانی ده‌وڵه‌ت ،به‌ڵام پشت به‌ستن به‌و داهاتانه‌  به‌رده‌وامه‌  وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ بره‌و دان به‌ ئابوریی ئه‌وه‌ش شتێكی باش نییه‌ نابێت تا سه‌ر به‌رده‌وام بێت. چونكه‌ ئه‌م پشت به‌ستنه‌ به‌ داهاتی نه‌وت بوه‌ته‌  هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ زیاد ره‌وی بكرێت له‌ هێنانی كاڵا و كه‌ره‌سه‌ی هه‌رزانی له‌ده‌ره‌وه‌ ،زۆربه‌ی كاتیش ئه‌م كاره‌ له‌سه‌ر حسابی  به‌رهه‌م هێنه‌ران   ده‌شكێته‌وه‌ و   به‌رهه‌م هێنه‌رانی ناوخۆ ناتوانن به‌ سه‌ركه‌وتویی ركابه‌ریی  بكه‌ن له‌ سایه‌ی ژینگه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان  و چوارچێوه‌یه‌كی رێكخراوه‌یی دا  .
 
3- حاڵی حازر پێویستییه‌كی زۆر هه‌یه‌ بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و فره‌یی له‌ ئابورییدا كه‌ به‌ بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت دێته‌ دی  و پێش ده‌كه‌وێت  . سه‌رباری ده‌رفه‌تی زۆر بۆ فراوان بون ،به‌ڵام قانون و سیستمه‌كانی ئێستا  كه‌  زاڵن به‌سه‌ر كه‌رتی تایبه‌تدا كۆسپن له‌به‌رده‌م به‌رو پێشچونیدا. له‌ زۆربه‌ی كاته‌كاندا ئه‌م قانون و سیستمانه‌ سه‌رله‌نوێ چالاك بونی كه‌رتی تایبه‌تیات كۆت و به‌ند كردوه‌ به‌مه‌ش هاتنه‌ كایه‌ی هه‌لی كاری نوێ په‌كی كه‌وتوه‌.
 
4- پێویسته‌ چاكسازیی بكرێت له‌ چوارچێوه‌ی گشتیی سیاسیه‌ت و قانونه‌كاندا  له‌رێی جێبه‌جیچكردنی به‌رنامه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ ده‌نگ پێداویستییه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌چن له‌ چوارچێوه‌ی  دیالۆگی كارا له‌ نێوان حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌تدا.
 
5- به‌ر له‌ داڕشتن یا هه‌موار كردنی هه‌ر قانونێك  كه‌ كار ده‌كاته‌ ژینگه‌ی كاره‌كان، حكومه‌ت له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌تدا به‌ شێوه‌یه‌كی رێك و پێك و به‌رنامه‌ بۆ دانراو راوێژ ده‌كات  . بۆیه‌ دامه‌زراندنی سكۆیه‌كی هه‌میشه‌یی دیالۆگ له‌ نێوان حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌تدا مه‌سه‌له‌یه‌كی  جه‌وهه‌رییه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت  رێوشوێنه‌كانی راستكردنه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن كه‌ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌توانێت  به‌ لێوه‌شاوه‌یی زیاتر و گه‌وره‌ تره‌وه‌ كار بكات.
 
6- سنورداركردنی هه‌لی به‌ده‌ستخستنی پشتیوانیی بۆته‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م نوێكردنه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت ، بۆیه‌ پێویسته‌ میكانیزمی نوێ دابنرێت بۆ سه‌رچاوه‌ی پشتیوانیی بۆ به‌شێكی زۆری كه‌رتی تایبه‌ت و فراوانكردنی ، به‌تایبه‌ت دامه‌زراوه‌ بچوك و ناوه‌نجییه‌كان.
 
7-  وا ده‌ڕوانرێته‌ كۆمپانیا گشتییه‌كان كه‌ بێ توانان و ئاستی به‌رهه‌مهێنانیان نزمه‌ و پاره‌ی تێچونیشیان زۆره‌ ، ئه‌مه‌ش  له‌به‌ر رۆیشتنێكی  گه‌وره‌ی بودجه‌ی ده‌وڵه‌تی به‌دواوه‌یه‌ ،سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌ بازاڕه‌ ناوچه‌یی و جیهانییه‌كانیشدا دابڕاوه‌.
 
8- كۆمپانیا گشتییه‌كان پێویستیان به‌ نوێكردنه‌وه‌ و ته‌واوكاریی باشتره‌ له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌تدا به‌ ئامانجی زیاتر كردنی به‌رهه‌م و توانای پێشبڕكێكردنیان تا سود وه‌ربگرن له‌ هه‌له‌كانی كاری نوێ ، ئه‌وه‌ش به‌ به‌هێزكردنی پردی په‌یوه‌ندییان به‌ بازاڕه‌كانی ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان دێته‌ دی ، سه‌رباری ئه‌وه‌ش سه‌رله‌نوێ دانانه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی كۆمپانیا گشتییه‌كان ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌تر ده‌ڕه‌خسێنێت  بۆ كه‌رتی تایبه‌ت.
 
9- ساڵی رابردو چه‌ندین پلان و به‌رنامه‌ جێبه‌جێكران سه‌رباری جێبه‌جێكردنی راسپارده‌كان بۆ پشتگیریی كردن له‌ كه‌رتی تایبه‌ت له‌ عیراق ، به‌ڵام هه‌مو ئه‌مانه‌  تائێستاش یه‌ك پاكێج نین  و نه‌چونه‌ته‌ خانه‌ی ستراتیژیی پێكه‌وه‌ به‌ستراو یان پلانێك كه‌ رێكاری یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌ خۆ بگرێت  به‌و مه‌به‌سته‌ی  حكومه‌ت سودی لێ وه‌ربگرێت بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌رده‌م هاتنه‌ ئارای  كه‌رتێكی تایبه‌تی كارا و چالاك  .
 
10 – ستراتیژیی گه‌شه‌كردنی كه‌رتی تایبه‌ت ئامانجه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ نه‌خشه‌یه‌كی رێگا بۆ به‌هێزكردنی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ گه‌ش پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ ماوه‌ی ساڵانی 2014-2030 .پێش بینیی ده‌كرێت جێبه‌جێكردنی ستراتیژیی گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت ئه‌نجامی باشتر به‌دی بێنێت بۆ عێراق  زۆر له‌وه‌ باشتر كه‌ پێودانگه‌    جیهانییه‌كان  كه‌ ژینگه‌ی  كاری هه‌ر وڵاتێكی پێ دیاریی ده‌كه‌ن (وه‌ك راپۆرتی ساڵانه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تیی  “په‌یڕه‌وكردنی كاره‌كان “)، كه‌  به‌رهه‌می كه‌رتی تایبه‌ت  به‌رزبكرێته‌وه‌  ، توانای پێشبڕكیێ به‌هێز بێت و زۆریش پابه‌ند بێت به‌ لایه‌نه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و ژینگه‌ییه‌كان  له‌وه‌ به‌ تواناتر بێت كه‌ هه‌لی كاری نوێی زیاتر دابین بكات  .
 
11 – جێبه‌جێكردنی ستراتیژیی گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌رفه‌ت بۆ جكومه‌ت ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ رێگه‌ چاره‌ی  پێداویستیه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵ . له‌ كاتێكدا حكومه‌ت هه‌نگاو ده‌نێت به‌ره‌و چاكسازیی ئابوریی و هه‌وڵ ده‌دات  ژینگه‌یه‌كی دۆستانه‌ دابین بكات بۆ كار و داهاته‌ داراییه‌كان له‌ پێناوی : (A) چاككردنی توانای پێشبڕكیی دامه‌زراوه‌ بچوك و ناوه‌نجییه‌كان ،(B) دامه‌زراندنی هاوبه‌شیی له‌ نێوان  دامه‌زراوه‌ بچوك و ناوه‌نجییه‌كان و كۆمپانیا گشتییه‌كان .
 
12 –  سه‌ره‌تا حكومه‌ت سه‌رپه‌رشتیی پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنی  ستراتیژیی گه‌شه‌ پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كات دواتر قۆناغ به‌قۆناغ ئه‌ركه‌كه‌  ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ كه‌رتی تایبه‌ت . ئه‌وه‌نده‌ی بكرێت شێواز و  رێبازی نامه‌ركه‌زییش له‌ جێبه‌جێكردنی ستراتیژیی گه‌شه‌ پێدانی كه‌رتی تایبه‌تدا  په‌یڕه‌و ده‌كرێت. 
 
پاشكۆی سێیه‌م 
قه‌یرانی بانكه‌كان له‌ عیراقدا  
 
 قه‌یرانی بانكه‌كان له‌ عیراقدا به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌و  قه‌یرانه‌ ئابورییه‌یه‌ كه‌ ساڵانێكه‌  عیراقی تێ كه‌وتوه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی ده‌وێت  بۆ ئه‌وه‌ی داهاتێكی دارایی و پشتیوانییه‌كی  ئابوریی باش بۆ وڵات دابین بكات.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی  ژماره‌ی بانكه‌كان له‌ عیراقدا له‌ په‌نجا بانك تێپه‌ڕ ناكات به‌ڵام ده‌كرێت به‌هێز تربن به‌ به‌راود له‌گه‌ڵ بانكه‌ حكومییه‌ سه‌ركییه‌كاندا كه‌ شه‌ش بانكن ، ئه‌وانیش (رافیده‌ین ،ره‌شید ، بانكی عیراق بۆ بازرگانیی ،بانكی خانوبه‌ره‌ ،بانكی كشتوكاڵ و هه‌ره‌ه‌زیی و بانكی پیشه‌سازیی)ن.
 
 چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر  “بانكی نێوده‌وڵه‌تیی ” به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندیی عیراق راپۆرتێكی چڕ وپڕی ده‌ركرد ده‌رباره‌ی باری بانكه‌كان له‌ عیراقدا  و له‌ ئه‌نجامدا چه‌ند راسپارده‌یه‌كی گرنگی خسته‌ رو بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی
كه‌رتی بانكیی تایبه‌ت .وای لێكدایه‌وه‌ قه‌یرانی كه‌رتی بانكیی لایه‌نێكی گرنگه‌ له‌ پرۆسه‌ی چاكسازیی چاوه‌ڕوانكراو .
 
 ئه‌نجامی راسپارده‌كانی ئه‌م راپۆرته‌  به‌ باشیی نه‌چوه‌ بواری  جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و قه‌یرانی بانكه‌ تایبه‌ته‌كان  به‌ بێ  هیچ هه‌موارێكی گرنگ به‌رده‌وام بو ،سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌سته‌ و لایه‌نی ره‌سمی هه‌وڵی باشیان دا . دیاره‌ ئێستا مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ چاو جاراندا قورستره‌  به‌هۆی قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌كان و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی عێراق به‌ ئاسته‌نگ و ده‌ستدرێژیی ده‌ره‌كیی و پاشه‌كشێی گه‌وره‌ له‌ ژیانی ئابورییدا ، به‌ تایبه‌تیی له‌ ئاستی بژێوی و بڵاوبونه‌وه‌ی بێكاریی و خراپبونی خزمه‌تگوزارییه‌كان و زاڵ بونی  گه‌نده‌ڵیی  له‌ ژیانی گشتییدا.
 
به‌ گوێره‌ی راپۆرتی ئاماژه‌بۆ كراوی  “بانكی نێوده‌وڵه‌تیی” گرنگیی مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌نگ و باش دوپات ده‌كرێته‌وه‌  له‌ نێوان بانكه‌ حكومییه‌كان و بانكه‌ تایبه‌تییه‌كاندا و داوای بوژانه‌وه‌ی  بانكه‌ تایبه‌تییه‌كان ده‌كات  له‌ رێی پێشكه‌شكردنی  كۆمه‌ك و  شاره‌زایی و گه‌شه‌پێدانی ته‌كنیكیی سه‌رتاسه‌رییه‌وه‌  و،وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت له‌ میانی دابینكردنی وه‌دیعه‌ ره‌سمییه‌كان و  نه‌رم و نیانی زیاتریان بۆ بڕه‌خسێنرێت له‌ مامه‌ڵه‌ی رۆژانه‌یاندا.
 
 خاڵی ده‌ستپێكردنی  چاكسازیی گۆرَاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بانكه‌ حكومییه‌كان و بانكه‌ تایبه‌ته‌كانه‌ و ره‌خساندن و ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌لومه‌رجێكی هاوسه‌نگیی راسته‌قینه‌ی نێوانیانه‌ زه‌مینه‌یه‌كی جدیی بۆ بوژنه‌ویان خۆش بكرێت .ژماره‌یه‌كی زۆری  دۆكیۆمێنت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ كراوه‌ ،به‌ڵام  جگه‌ له‌ پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و “ده‌سته‌ی راوێژكاریه‌تی ده‌وڵه‌ت ” كه‌ دوساڵ له‌مه‌وبه‌ر راگه‌ینرا تا ئێستا ده‌ستكه‌وتێكی پۆزه‌تیڤ  نه‌بینراوه‌ .خاڵی لاواز له‌ رێچكه‌ی پراكتیكیی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا خۆی له‌ پیاچونه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیه‌تی بانكی ناوه‌ندیی عیراقدا ده‌بینێته‌وه‌ ، گرنگترینیان چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ به‌وه‌ی پێ ده‌وترێت مه‌زاد –یان فرۆشتنی دراو  و بیركردنه‌وه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی تر بۆ  ده‌ستپێكردنی ئه‌م ئه‌ركه‌. هه‌ندێك هه‌ن داوا ده‌كه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی لایه‌نی ره‌سمیی  به‌رپرسیار بێت له‌ مامه‌ڵه‌ كردن به‌ جراوی ده‌ره‌كیی و دانانی ره‌سیدی یه‌ده‌كی ده‌وڵه‌ت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تاڵانچیه‌تیی و ئیستیغلال كردن.
 هه‌نگاو نان به‌م ئاڕاسته‌یه‌ توانایه‌كی تر ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ پاراستنی یه‌كیچتیی سیاسیه‌تی دراویی  له‌ عیراقدا . بۆیه‌ بونی  “بانكی ناوه‌ندیی
عیراق” گوزارشتی مافی سه‌روه‌ریی ولاچته‌ و ده‌بێت په‌رۆش بین بۆ گه‌شه‌ سه‌ندنی و بگونجێت له‌گه‌ڵ  پێداویستیه‌ جیا جیاكانی  هه‌مو وڵات وه‌ك وڵاتانی تری جیهان  .
 
ئامانجه‌كه‌ هه‌موی ئه‌وه‌یه‌ كه‌  كه‌شێكی گونجاو  بێته‌ ئاراوه‌ بۆ  هه‌نگاو نان به‌ره‌و چاكسازیی ئابوریی  وه‌ك له‌ به‌ڵگه‌ نامه‌ و به‌رنامه‌ ره‌سمییه‌كانی حكومه‌تدا  هاتوه‌  كه‌ پابه‌ند بون دوپات ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ “ئابوریی بازاڕ” . له‌ راستیشدا ئه‌م داوایه‌ نوێ نییه‌  له‌ سه‌ره‌تاكانی دوای گۆڕانی سیاسیی (2003) داوایه‌كی ره‌سمیی هه‌بو بۆ پابه‌ند بون به‌م شێوازه‌ ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش  هه‌ندێك قانون ده‌ركران  ، به‌ڵام له‌ پراكتیكدا وا ده‌ركه‌وت كه‌ گۆڕانی ئابوریی به‌ وڵاته‌وه‌ دیار نه‌بێت  فاكته‌ره‌كانی چاكسازییش  ده‌سته‌به‌ر نه‌كران . پابه‌ند بون به‌  “ئابوریی بازاڕ” وه‌ زه‌مینه‌ خۆش ده‌كات كه‌ بۆ كه‌رتی تایبه‌ت و بانكیی كه‌ ببنه‌ پێشه‌نگی چاكسازیی چاوه‌ڕوانكراو . ئه‌مه‌ش شاره‌زاییه‌كی به‌نرخه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داوا بكرێت به‌ ئامانجی به‌دیهێنانی ئه‌م خواسته‌ . كه‌رتی بانكیی تایبه‌ت ده‌توانێت رۆڵی گه‌وره‌ و زۆر كاریگه‌ر ببینێت له‌ ژیانی ئابوریی و وه‌به‌رهێنان  پێشیش ده‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ پێشه‌نگێكی  كاریگه‌ر له‌ ژیانی گشتییدا  .
له‌ كۆتاییدا ئه‌موێ ئه‌وه‌ بخه‌مه‌ رو كه‌ :
– تیرۆر كاریگه‌ریی گه‌وره‌ و نێگه‌تیڤی هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی ئابوریی عیراق ؛بۆیه‌ ئاسایش لایه‌نی سه‌ره‌كیی پێك ده‌هێنێت له‌ پرۆسه‌ی بوژانه‌وه‌ و به‌روپێش بردنی ره‌وڕه‌وه‌ی ئابوریی به‌ تایبه‌تیی له‌ بواری وه‌به‌ر هێنانی گه‌وره‌ و پرۆژه‌ زه‌به‌لاحه‌كاندا   .
– نزم بونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت كاریگه‌ریی راسته‌خۆی هیه‌ له‌ سوڕی ئابوریی و قه‌واره‌ی سیوله‌ی دراودا  به‌ تایبه‌تیی كه‌ 90%  داهاته‌ داراییه‌كانی  عیراق   نه‌وته‌ .
– زۆر گرنگه‌ هه‌وڵی جدی بدرێت  و چاو بخرێته‌ سه‌ر فراوانكردنی پیشه‌سازیی نه‌وت له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا  .
– پشتیوانیكردن و هاندانی كشتوكاڵ ونوێكردنه‌وه‌ی شێوازه‌كانی به‌رهه‌م هێنانی  كشتوكاڵیی فاكته‌رێكی     كاریگه‌ر پێكده‌هێنێت له‌ جموجۆڵی ئابوریی و كه‌مكردنه‌وه‌ی پشت به‌ستن به‌ هاورده‌ كردنی ده‌ره‌كیی ،به‌وه‌ش  داراییه‌كی باش كۆده‌كرێته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌نجینه‌ی دارایی ده‌وڵه‌ت. 
 
وتاری دكتۆر عه‌بدول له‌تیف جه‌مال ره‌شید 
راوێژكاری پێشكه‌وتوی سه‌رۆك كۆمار له‌ كۆڕبه‌ندی ئابوریی ئه‌ستانا / كازاخستان  رۆژانی 25-26 ئایاری/2016
سەرچاوە: PUKmedia