سەرباری بڕیار حكومەت بۆ كەمكردنەوەی كرێی شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریەكان، هەندێك كەس پێوەی پابەند نەبوون، قایمقامی سلێمانیش بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە رێگەیەك دەخاتەبەردەم كرێنشینان.
فەرمان غەریب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی سلێمانی، سەبارەت بەو سكاڵایانەی لەسەر كەمنەكردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەكان ئاڕاستەیان كراوە، لەلێدوانێكدا رایگەیاند: وەك وەبەرھێنان سكاڵامان بۆمان ھاتووە، لەبەرئەوەی ئێمە لیژنەیەكمان نییە بۆ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە، بۆیە رووبەڕووی قائیمقامییەتی سلێمانی دەكرێتەوە كە لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە بەرپرسكراون بۆ بەدواداچوون و پابەندكردنی ئەو كۆمپانیا و كەسانە بە بڕیار و رێنماییەكانی پارێزگای سلێمانییەوە.
لای خۆشییەوە، بەختیار عەبدولڕەحمان قائیمقامی سلێمانی لەلێداونێكدا بەسایتی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند: ئەوانەی گرێبەستی رەسمی و یاساییان لەگەڵ كۆمپانیاكەدا ھەیە، ئەگەر رێكنەكەون راستەوخۆ دەست لەكێشەكەیان وەرنادەین.
وتیشی: ئەگەر كۆمپانیایەك یان ئەو كەسانەی نرخی خانووەكەی یان شوێنی نیشتەجێبوونەكەی و خزمەتگوزارییەكانی كەمینەكردەوە بۆ ھاوڵاتیان، رێنمایی ھاوڵاتیەكە دەكەین بچێتە بەڕێوەبەرایەتی باج و دەرامەت، لەوێ لەسەدا ٢٠ی نرخەكەی بۆ دادەشكێندرێت، پارەكەی دوای داشكاندنەكە لەوێ دادەنرێت و خاوەن خانووەكە یان یەكەكە دەتوانێت كرێكەی لەوێ وەربگرێت.