لە ناحیەی گەرمک خۆڵی ئاسن بەرهەمدەهێنرێت

لە ناحیەی گەرمکی سەر بە قەزای پێنجوێن کۆمپانیایەکی ئەهلی بۆ یەکەم جار مۆڵەتی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان وەرگرتوە و دەستی کردوە بە دەرهێنانی مادەی خاوی خۆڵی ئاسن بۆ پیشەسازی چیمەنتۆ بەرێوبەری کۆمپانیاکەش ئاماژەبەوە دەکات بەرهەممان ئەوەندە زۆر دەبێت بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ چیتر پێویستیان بە دەرەوە نابێت.
کاوە حەسەن رەحیم بەرێوبەری کۆمپانیای دالیا بۆ وەبەرهێنان ئەوەی روون کردەوە پاش ئەوەی داوایان لەوەزارەتی سامانە سروشتیەکان کردوە بۆ ئەوەی مۆڵەتی دەر‌هێنانی خۆڵی  ئاسنیان بدەنی رەزامەندیان دەربڕیوە، پاشان رێکەوتن کراوە لە نێوان ئەوان و وەزارەت ، وتی ئێمە ئەو مادە خاوەی دەری دە‌هێنین دەیدەینەوە بە گارگەکانی چیمەنتۆ.
بەپێی توێژینەوەیەکی زانستی لەلایەن زانکۆی سلێمانیەوە ئەنجامدراوە خاکی ناحیەی گەرمەک لەسەدا ٦٥_ ٨٠% ی مادەی خاوی ئاسنی تێدایە ئەوەش بەرهەمێکی گرنگە بۆ پیشەسازی چیمەنتۆ و ئاسن، ئەو توێژینەوەیەش لە وڵاتانی فەرەنساو ئەڵمانیا و میسر و ئێران لە تاقیگە بەناوبانگەکانی جیهان پشتراستکراوەتەوە.
بەڕێوبەری کۆمپانیای دالیا جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە ئەوان بەشی هەموو گارگە چیمەنتۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دابین دەکەن‌ لە رێکەوتنەکەشیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هاتووە دەبێت بۆ هەر تەنێک بڕی ٨ هەزار دینار بدەنە حکومەت.
وتیشی لە ئێستادا دەستمان کردوە بە پرۆسەی دەرهێنان و لەچەند کارگەیەکیش بەکاریان هێناوە ، رۆژانە زیاد لە هەزار تەن دەدریتە کارگەیەکی ناوخۆ بۆ دروست کردنی چیمەنتۆ تا زیاتر دڵنیابینەوە لە چۆنیەتی جۆرەکەی کە پێشتر لەچەند کارگەیەکی تر بەکار‌هێنراوەو سەرکەوتوو بووە دواتریش ئامادەین بۆ هەموو کارگەکانی کوردستانی دابین بکەین.
١٢٠ کەس وەک کرێکار لە گەرگەکەی کاوە حەسەن کاردەکەن وە بۆ ساڵانی داهاتوو پلانی هەیە کارگەکە گەورە بکات تا ئەو ئاستەی دەوانێت ٣٠٠ هاوڵاتی ناوخۆ و خەڵکی ناوچەکە بخاتە سەرکار.
حاکم زیاد عەبدوڵا بەرێوبەری ناحیەی گەرمک ئاماژەی بەوەکرد پاش ئەوەی ئاگادار کراینەوە لە لایەن حکومەت وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە بە دەرهێنانی خۆڵی ئاسن لە کارگەیەکی ناوخۆیەوە سەردانی هەردوو شوێنەکەمان کرد لە هەردوو گوندی ( شایان و میشان ) کە سەر بە ناحیەکەمانە هەموو پشتیوانیەکی خۆمان بۆ کۆمپانیاکە دەربڕی دواشمانکرد لە کۆمپانیاکە دەبێت ئەو کەسانەی لە گارگەکەدا کار دەکەن خەڵکی ناوچەکەبن.
پێشتر هەریمی کوردستان مادەی خاوی ئاسنی لە دەرەوە هاوردەکردوە بە تایبەتی لە ئێرانەوە، بەڵام لەگەڵ سەرپێکەوتنی ئەو کارگەیە کوردستان نەک پێویستی بە خۆڵی ئاسنی دەروە نابێت بەڵکو هەناردەشی دەکات هاوکات دەوانرێت لە پیشەسازی ئاسنیش بەکاربهێنرێت.
کاوە حەسەن رەحیم بەڕێوبەری کۆمپانیای دالیا بۆ وەبەرهینان لەوبارەیەوە وتی: دەتوانین ئەوەندە لە خۆڵی ئاسن بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ دابین بکەین ئیدی پێویستمان بەدەرەوە نەبێت، بگرە ئەو مادە خاوە بۆ خوارو ناوەراستی عێراقیش دابین بکەین.
هاوڵاتیانی گەرمەکیش لەگەڵ ئەوەی دڵخۆشن بە بوونی ئەو کارگەیە لە ناوچەکەیان هاوکات داواکاری خۆشیان هەیە.
شیروان محەمەد یەكێکە لە هاوڵاتیانی ناحیەی گەرمەک: داواکاری لەلایەنی پەیوەندیدار ئەوەبوو لە داهاتی فرۆشتنی ئەم سەرچاوە سروشتیە سنورەکەیانی لێ بێ بەش نەکرێت و ئاوڕی جدی لە سنورەکە بدرێتەوە ئەوەش بەدابین کردنی بەشێک لەو پارەیە بۆ کەرتی خزمەتگوزاری ، وتیشی ” هیوادارین ئەو کارگەیە خێری بۆ ناوچەکەمان هێنابێت”.
هاوکات سۆرانیش ئاماژەی بەوەکرد ” دەستخۆشی لە کۆمپانیای ناوبراو دەکەین کە لە ئیستادا بۆ کارکردن لە کارگەی دەر‌هێنانی خۆڵی  ئاسن سودیان لە دەستی کارە ناوچەکە بینیوە داواکاریشین هەروا بمێنیتەوە و لەگەورەکردنی پرۆژەکەو زیاد کردنی کرێکار بۆ کارگەکە هەلی کار بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە  برەخسیێنن.
 
کارگەی دەرهێنانی خۆڵی ئاسن لە گەرمەک بە وتەی کۆمپانیاکە  بەبەردەوامی سودی زۆری دەبێت بۆ ناوچەکە و ناکریت لەلایەن بەرپرسانی ناوچەکەو حکومەتی هەرێمەوە پشتیوانی نەکرێت.