نرخی‌ نه‌وت 50 دۆلاری‌ تێپه‌ڕاند

نرخی‌ نه‌وت ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ له‌مامه‌ڵه‌ ئاسیایه‌كاندا 50 دۆلاری‌ تێپه‌ڕاند، بۆ یه‌كه‌م جار له‌ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ حه‌وت مانگدا، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاماره‌كان ده‌ریانخست كه‌ ئاستی‌ كۆگاكردنی‌ نه‌وت له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌فته‌ی‌ رابردوودا به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر پاشه‌كشه‌ی‌ كردووه‌ كه‌ پێشبینی‌ ده‌كرا.



به‌پێی رۆیته‌رز، نرخی‌ به‌رمیلێك نه‌وتی‌ برنت به‌ڕێژه‌ی‌ 36 سه‌نت به‌رزبووه‌ته‌وه‌و گه‌یشتووه‌ته‌ 50.10 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، ئه‌وه‌ش به‌رزترین نرخه‌ له‌ چواری‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ رابردووه‌وه‌ تائێستا. 



هه‌روه‌ها نرخی‌ نه‌وتی‌ خاوی‌ رۆژئاوای‌ ته‌كساسی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێژه‌ی‌ 32 سه‌نت به‌رزبوویه‌وه‌و گه‌یشته‌ 49.88 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك.



به‌رزبونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وت دوای‌ ئه‌وه‌هات، كه‌ دوێنێ ئیداره‌ی‌ زانیاری‌ وزه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو، كۆگاكردنی‌ نه‌وتی‌ بازرگانی‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا گه‌وره‌ترین دابه‌زینی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌ له‌ماوه‌ی‌ حه‌وت هه‌فته‌دا.