ھه‌رێمی کوردستان پشکی ده‌بێت له‌ قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق

 
په‌رله‌مانتارێکی کورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت، به‌پێی ده‌ستوور، ھه‌رێمی کوردستان مافی خۆیه‌تی پشکی ھه‌بێت له‌و قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ که‌ به‌ عێراق ده‌درێت.
 له‌ وه‌ڵامی لێدوانی په‌رله‌مانتارێکی ده‌وڵه‌تی یاسا، “نه‌جیبه‌ نه‌جیب” ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رھێنان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ “ناوه‌ندی ھه‌واڵی ئازاد”ی وت که‌ به‌پێی یاسای بودجه‌ی عێراق، حکومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان مافی خۆیه‌تی له‌سه‌دا حه‌ڤده‌ له‌ پشکی قه‌رزی سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو بۆ عێراق وه‌ربگرێت.
 “ئیبتسام ھیلالی” ئه‌ندامی لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ سایتی “مه‌سه‌له‌”ی وتووه‌ که‌ سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو بڕی ١٣ملیار دۆلار وه‌ک قه‌رز ده‌داته‌ ده‌وڵه‌تی عێراق و حکومه‌تی ھه‌رێمی کوردستانیش مافی وه‌رگرتنی ئه‌و قه‌رزه‌ی نییه‌. له‌و باره‌یه‌وه‌، نه‌جیبه‌ نه‌جیب، ئه‌و ھه‌ڵوێسته‌ی بۆ عه‌قڵییه‌تی سیاسه‌تمه‌دارانی ده‌وڵه‌تی یاسا گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ عێراقیان تووشی چه‌ندین قه‌یران کردووه‌ و بڕوایان به‌ بنه‌مای ته‌وافق و شه‌راکه‌تی ڕاسته‌قینه‌ نییه‌. ئه‌وه‌شی وت که‌ قه‌رزی سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو بۆ پڕکردنه‌وه‌ی بودجه‌ی نه‌فه‌قاتی ته‌شغیلی و ئیستسمارییه‌، بۆیه‌ به‌ پێی یاسای بودجه‌، له‌سه‌دا حه‌ڤده‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ به‌ر ھه‌رێمی کوردستان ده‌که‌وێت.
 ئه‌و ئه‌ندامه‌ی کورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ لێدوانه‌که‌یدا بۆ ناوه‌ندی ھه‌واڵی ئازاد، ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و شاندێک له‌ په‌رله‌مانتارانی عێراق بۆ ھه‌رێمی کوردستان کرد و ڕایگه‌یاند، ھاتنی ئه‌و شانده‌، جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئیستحقاقی ھه‌رێمی کوردستان، بۆیه‌ لێدوانی په‌رله‌مانتارانی ده‌وڵه‌تی یاسا ھیچ بنه‌مایه‌کیان نیە.