کار و پیشه‌ى جولەكەکانی کوردستان

له‌ وڵاته‌ ئیسلامیه‌كاندا، به‌ پێچه‌وانى ئه‌وروپا، جووه‌كان به‌ئاره‌زووى خۆیان ئه‌و پیشه‌یه‌ى كه‌ ده‌یانویست ئه‌نجامیان ده‌دا، بەڵام به‌هۆى چه‌ند پاڵنه‌رێكه‌وه‌ چه‌ند پیشه‌یه‌كى دیاریكراویان ده‌كرد. 
كورده‌ جووه‌كان به‌زۆرى له‌ سێ جۆر پیشه‌دا كاریان ده‌كرد: ١- كشتووكاڵ، ئه‌مه‌ پیشه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌وان بوو نه‌ك ته‌نها له‌ناوچه‌ گوندنشینه‌كاندا به‌ڵكو له‌شاره‌كانیش هه‌مان كاریان ئەنجام  ده‌دا،  ٢- وه‌ستایی کارامەو شارەزابوون له‌ شارو گونده‌كاندا، ٣- پیشەی  بازرگانیان ، به‌زۆرى له‌ شاره‌كاندا ئەنجام دەدا.
ده‌یڤید د. بیس هیل ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات: كه‌ پیشه‌ى بازرگانى باوترین پیشه‌ بووه‌ له‌ناو هاوڵاتیانی جووله‌كه‌ى شاره‌كانى ئامێدی و سلێمانی و زاخۆدا له‌ناوه‌ڕاسته‌كانى ساڵانی سییه‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌م شارى ئاكرێ له‌ سه‌دوپه‌نجا خێزانى جووله‌كه‌ پێك هاتبوو كه‌ زۆربه‌یان بازرگان بوون. 
ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى بازاڕى ناوخۆى ئاكرێ له‌لایه‌ن جووه‌كانه‌وه‌ بایه‌خدار بوو، وه‌ له‌ ڕۆژى شه‌ممه‌ کە  پشووى جووه‌كەکان بووە  دوكانه‌كانیان داده‌خست.
 
ده‌یڤید: پێنجوینىشی وه‌ك گوند وه‌سف كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ داهاتى سه‌ره‌كى له‌ بازرگانیه‌وه‌ بووه‌ و چه‌ند خێزانێكى كه‌مى جووله‌كه‌ له‌و گوندانه‌دا ده‌ژیان كه‌ تیایدا ئاغایه‌كى خه‌ڵكى سلێمانى خاوه‌نداریه‌تى ده‌كرد.
 .
بازرگانه‌كان ، بازرگانى گوێزو پێسته‌ى ئاژەڵیان  ده‌كرد كه‌ له‌ سه‌ده‌كانى دواتریشدا هه‌ر به‌و كاره‌وه‌ خه‌ریك بوون. 
بنیامینى دووه‌م شارى رواندزى وه‌ك شوێنێكى كشتوكاڵى به‌پیت وه‌سف كردووه‌. 
بەگوێره‌ى راپۆرتێكى به‌ریتانى، له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا: ” كورده‌كان پشتیان به‌ كارامه‌یی جووله‌كه‌و مه‌سیحیه‌كان ده‌به‌ست، به‌تایبه‌تى له‌ دروستكردنى ئه‌و جالانه‌ى له‌به‌ریان ده‌كرد و كورده‌كان وایان لێكده‌دایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ له‌گه‌ڵ شكۆى ئه‌واندا ناگونجێت “.
راپۆرتەکەی به‌ریتانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ بازرگان‌و ده‌سگێڕه‌ جووه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا له‌شێوه‌ى كۆمه‌ڵه‌ى بچووكدا بوون، وه‌ به‌ناو گونده‌ دووره‌ ده‌سته‌كاندا بڵاوبونەتەوە و  جگه‌ له‌ پیشه‌ى بازرگانى، جووه‌كان چه‌ندین كارى تریان ئەنجام  ده‌دا ،  له‌ساڵى ١٩٢١  ئه‌وه‌ى روون كردۆته‌وه‌ كه‌ جووه‌كانى هه‌ولێر ده‌ستیان به‌سه‌ر دروستكردنى مه‌ى ( ئاره‌ق )دا گرتبوو، هه‌رچه‌نده‌ خواردنه‌وه‌ى بۆ موسوڵمانان حه‌رام بوو، بەڵام  ژماره‌یه‌كى دیاریكراو ده‌یان خوارده‌وه‌.
خاتوو ریچ، له‌ یاده‌وه‌ریه‌كانیدا باس له‌ چاوپێكه‌وتنى چه‌ند قه‌شه‌یه‌كى جووله‌كه‌ ده‌كاتو دەڵێت:  به‌زۆرى جووه‌كانى كارا كۆڵبه‌ریان ده‌كرد، خوێیان ده‌گواسته‌وه‌، كه‌ ئه‌م پیشه‌یه‌ یه‌كێك بوو له‌ پیشه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى شارۆچكه‌كه‌. 
به‌هه‌مان شێوه‌ له‌زاخۆشدا گه‌نجە  سه‌ڵته‌كان كارى قورسی وه‌ك كۆڵبه‌رییان ئەنجام ده‌دا. پاش ئه‌وه‌ى هاوسه‌رگریییان  دەکرد ، ده‌بوون به‌ داربڕ و پاشان ده‌سگێڕ یاخود بازرگان. ئه‌م دوو پیشه‌ى دوایی کەمتر لایەنی  جه‌سته‌ییان پێویست بوو به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ داربڕین یان ئه‌سپ به‌خێوكردن. 
ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌وه‌دا باس كرا، ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ كار و پیشه‌ى جووله‌كه‌ هەژارەکانی  زاخۆ. بەڵام له‌ خێزانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا، كار و پیشه‌ له‌باوكه‌وه‌ بۆ كوڕ ده‌مایه‌وه‌. جووله‌كه‌كانى سلێمانى بازرگان‌و زێڕینگرو به‌رگدرو وجۆڵاو شاره‌زا له‌ بۆیه‌كردنى خورى بوون.
هه‌ندێك جووله‌كه‌ى شارنشنی پیشه‌ساز بوون‌و كاره‌كه‌یان پشت به‌پشت بۆ مابوه‌وه‌. زۆرێك له‌ دایك باوكان ده‌یانویست مناڵه‌كانیان فێرى ده‌ست ره‌نگینى بن له‌رێگاى راهێنانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌ستایه‌كى شاره‌زادا وه‌ك شاگرد كار بكه‌ن، هه‌روه‌ك له‌م نمونەیەی خواره‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. 
له‌م رووداوه‌دا باس له‌باوكێك ده‌كرێت كه‌ ویستویه‌تى كوڕه‌كه‌ى ببێت به‌ دارتاش، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ لەلای دارتاشێكى موسوڵمان كردوویه‌تى به‌ شاگرد.
” باوكم ده‌یویست من و براكانم فێرى پیشه‌ى دارتاشى بین، بەڵام  دارتاشه‌ كورده‌كه‌ كه‌ ناوى ره‌مه‌زان بوو، نه‌یده‌ویست جووله‌كه‌یه‌ك ببێت به‌ شاگردى.
ئه‌و به‌ باوكمى وت: جووله‌كه‌ هه‌ر كه‌توانى فێرى دروستكردنى كورسیه‌ك ببێت،
وه‌ستاكه‌ى جێده‌هێڵێت چونكه‌ زۆر پاره‌ى خۆش ده‌وێت. 
ئه‌م رووداوه‌ له‌ ده‌ورووبه‌رى ساڵه‌كانى ( ١٩٣٨ یان ١٩٣٩ )دا روویداوە. باوكم سوودى له‌و په‌یوه‌ندیانه‌ بینى كه‌ له‌گه‌ڵ حازم به‌گدا هه‌یبوو، ئه‌و دەسەڵاتی وه‌زیرێكى هه‌بوو و كارى قۆنته‌راتى له‌زاخۆ و ناوچه‌كه‌دا ده‌كرد،  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ره‌مه‌زان كارى دارتاشى بۆ خانووه‌ نوێیه‌كه‌ى ئه‌و ده‌كرد، بەڵام  داواكه‌ى ئه‌ویشى ره‌تكرده‌وه‌ و پێى وت: جووله‌كه‌ ناخه‌مه‌ ناو ئیشى خۆمه‌وه‌”
پاش بینه‌و به‌رده‌یه‌كى زۆر، حه‌بیب كه‌تنه‌، كوڕه‌ جووله‌كه‌كه‌، ده‌ستى كرد به‌ كاركردن لەلای ره‌مه‌زانى دارتاش. پاش چه‌ند ساڵێى كه‌م له‌كاركردن، لێى جیابووه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ڕەوفی براى پێكه‌وه‌ له‌ گونده‌ مه‌سیحیه‌كانى ده‌ورووبه‌ر كاریان كرد. براكانى كه‌تنه‌ له‌كوردستان‌و ئیسرائیل هه‌ر خه‌ریكى كارى دارتاشى بوون.
به‌هۆى رێزگرتنى جووله‌كه‌كان له‌رۆژى شه‌ممه‌و كارنه‌كردنیان، چه‌ندین جووله‌كه‌ نه‌یانتوانى ببن به‌ فه‌رمانبه‌رى حكوومه‌ت. له‌ساڵى ١٩٢٨دا، هاملتۆن باسى ئه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ حكوومه‌ت رۆژى پشووى دروست كرد بۆ ڕازیكردنى موسوڵمانان،بەڵام چه‌ند رۆژێكى دیاریكراو بۆ جووله‌كه‌و مه‌سیحیه‌كان ته‌رخان كرابوو. 
جووه‌كان زۆر مكوڕ بوون له‌سه‌ر رێزگرتنى رۆژه‌ پیرۆزەکانیان ، هیچ جووله‌كه‌یه‌ك له‌رۆژى شه‌ممه‌دا كارى نه‌ده‌كرد، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارێك بووبێت ته‌نها چه‌ند جووله‌كه‌یه‌كى كه‌م له‌ كه‌مپى هاملتۆن، كه‌ كارى دروستكردنى رێگا بوو، كاریان ده‌كرد. له‌ كه‌رتى حكومه‌تیشدا هه‌مان شت به‌رچاو ده‌كه‌وت. 
 
 
سەرچاوە: کتێبی جولەکەکانی کوردستان نوسینی ( دکتۆر مۆردیخای زاکین )