بۆ ڕەمەزان ئاردی سفر بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت

 
رێكخەری نێوان وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێم و عێراق، هەموو ئەو پڕوپاگەندانە ڕەتدەكاتەوە، كە گوایە چیتر بەغدا بەشە خۆراكی‌ هاووڵاتیانی‌ هەرێم نانێرێت. دەڵێ: هاووڵاتیانی‌ خۆمان دڵنیا دەكەینەوە، كە بەهیچ شێوەیەك بەشە خۆراكیان نەبڕاوە و بەمزوانە خۆراك لە بەغداوە دەگاتە كۆمپانیاكان و، لە ڕێگەی‌ بریكارەكانی‌ خۆراكەوە دابەشدەكرێت.
حوسێن سەبری، رێكخەری نێوان وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێم و عێراق، ڕایگەیاند: نە ناردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان پەیوەندی‌ بە ئاڵۆزییەكانی عێراقەوە هەیە، دوای دەست بەكاربوونی وەزیری نوێی بازرگانی، بەشە خۆراكی هاووڵاتیان دەگاتە دەستمان‌ و لە ڕێگەی‌ بریكارەكانەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.
وتیشی: بەردەوام هاووڵاتیان گلەیی لە دواكەوتنی بەشە خۆراكی مانگانە دەكەن، بۆیە ئێمە وەك شاندێكی وەزارەتی بازرگانی هەرێم سەردانی بەغدامان كرد، بۆ ئەوەی بزانین دواكەوتنی بەشە خۆراكی مانگانە بەس بۆ هەرێمە، یان هەموو عێراقی گرتووەتەوە، بەڵام دیار بوو ئامادەنەبوونی وەزیر و ئیمزا نەكردنی گرێبەستەكان هۆكارن بۆ دواكەوتنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان، هەروەها لە داهاتوویەكی نزیكدا جارێكی دیكە سەردانی بەغدا دەكەینەوە، بۆ ئەوەی بزانین كارەكان بەچی گەیشتوون. 
حوسێن سەبری، رێكخەری نێوان وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێم و عێراق، ڕوونیشیكردەوە، لەو سەردانەدا باسی ئەوەشمان كرد، پێویستە بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە ڕووی دابین كردنی بەشە خۆراك زیاتر هاوكاری هاووڵاتیان بكرێت، ئەوانیش بڕیاریان داوە بۆ ئەو مانگە، بۆ هەر خێزانێك بڕێك ئاردی سفر دابین بكەن. 
سەبری، زیاتر دەڵێ: بڕیار وایە لەم هەفتەیەدا وەزیرێكی نوێ بۆ وەزارەتی بازرگانی دابنرێت و دەست بە ئیمزا كردنی گرێبەستەكان بكات، بەوەیش بەشە خۆراكی هاووڵاتان وەك خۆی لێ دێتەوە، بۆیە بەشە خۆراكی‌ ئەمساڵی‌ هاووڵاتیانی‌ هەرێم كەمنەكراوەتەوە و ماددەكانی‌ هاوشێوەی‌ بەشە خۆراكی‌ ساڵی‌ 2015 دەبێت.
رێكخەری نێوان وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێم و عێراق، ڕوونیشیكردەوە، كۆبۆنی دابەشكردنی خۆراكی هاووڵاتیان كە بۆ ساڵی 2014 بۆ 2015 چاپ كرا بوو، ئەوەی ئێستایش چاپ دەكرێت هەر بە هەمان شێوە بۆ دوو ساڵە، 2016 بۆ 2017 دەبێت، لەگەڵ ئەوەی قەبارەی كۆبۆنی خۆراك بۆ A4 بچووك كراوەتەوە، كە بۆ هەر پارێزگایەكیش ڕەنگێكی تایبەت دانراوە و بەو ڕەنگە كۆبۆنی نوێی پارێزگاكان لێك جیادەكرێتەوە.
حوسێن، ئەوەشی دركاند؛ تا ئەو كاتەی كۆبۆنە نوێیەكە چاپ دەكرێت و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت، لەسەر كۆبۆنی كۆن خۆراك بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكەین.
شایانی باسە، بەپێی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتیی عێراق، بڕی دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ بەشە خۆراكی ساڵی 2016ـی هاووڵاتیان تەرخان كراوە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو بڕی 5 تریلیۆن دینار تەرخان كرابوو، ساڵانە بە هۆی فەوتانی بەشە خۆراكی مانگانە، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاری قەرەبووی هاووڵاتیان دەدات، ساڵی رابردوویش هەر هاووڵاتیەك بڕی 18 هەزار دیناری پێدرا لە بەرامبەر بەشە خۆراكی فەوتاوی برنج و ڕوونی ساڵی 2015.