بەغدا زانیاری لە سەر زەوییە كشتوكاڵیەكانی كوردستان كۆدەكاتەوە ‌ ‌

 
تائێستا وادەی هاتنی وەفدی وەزارەتی بازرگانی عیراق بۆ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ژمارەی زەوییە كشتوكاڵییەكان‌و جووتیارانی هەرێم دیاری نەكراوەو وەزارەتی كشتوكاڵیش رایدەگەیەنێت، مەترسی دەكرێت ئەمساڵ لەلایەن بەغداوە بەرهەمی گەنمەكانیان لێوەرنەگیرێت.
ئەنوەر عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، تائێستا وادەی وەفدی وەزارەتی بازرگانی عیراق بۆ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ژمارەی زەوییە كشتوكاڵییەكان‌و جووتیارانی هەرێم دیاری نەكراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە، لەم مانگەوە كاتی دروێنەی گەنم‌و جۆ دەستپێدەكات.
ئەو زەوییانەی كە گرێبەستیان هەیە
پێشتر لە رێككەوتنێكی نێوان وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم‌و وەزارەتی بازرگانی عیراق بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێم، بڕیار لەسەر سەردانی وەفدێكی وەزارەتی بازرگانیی عیراق بۆ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ژمارەی زەوییە كشتوكاڵییەكان‌و جووتیارانی هەرێم درابوو.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی كشتوكاڵ، وەزارەتی بازرگانی عیراق ژمارەیەك رێنمایی تایبەت بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی دەركردووە، كە یەكێك لە رێنماییەكان بریتین لە وەرگرتنی بەرهەمی گەنم بە تەنیا لەو جووتیارانەی كە زەوییەكانیان گرێبەستی هەیە.
تێكەڵكردنی گەنمی هاوردەكراو.
ئەنوەر عومەر بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی كشتوكاڵ، ئاشكراشیكرد، بەشێكی زۆر لە جووتیارانی هەرێم كێشە لە گرێبەستی زەوییەكانیان هەیەو یەكلانەبۆتەوە، بۆیە مەترسی دەكرێت ئەمساڵ لەلایەن بەغداوە بەرهەمی گەنمەكانیان لێوەرنەگیرێت.
بەپێی زانیارییەكانیش، ئەم رێكارە نوێیانە حكومەتی عیراق بەرامبەر بە جووتیارانی هەرێم، دوای ئاشكرابوونی تێكەڵكردنی گەنمی هاوردەكراو لە وڵاتانی دیكەوە بە بەرهەمی گەنمی جووتیاران‌و رادەستكردنی بە حكومەتی بەغدا دێت، كە لەلایەن چەند بارزگانێكی كوردەوە ئەنجامدرابوو.
هەرێم گەنمەكە دەكڕێتەوە؟
هاوكات ماوەیەك پێش ئێستا دەنگۆی ئەوە لە ناو جووتیاراندا بڵاوببۆوە، كە لەمەودوا حكومەتی هەرێم بەرهەمی دانەوێڵەی جووتیارانی كوردستان دەكرێت لە بری ئەوەی بەغدا بیكڕێتەوە. لەوبارەیەوە ئەندازیار ئەمین محەمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لقی سلێمانی رایگەیاند، تا ئێستا هیچ نووسراوێكی رەسمییان لەو بارەیەوە بەدەست نەگەیشتووە، كە حكومەتی هەرێم بڕیاری كڕینەوەی گەنمی جووتیارانی دابێت‌و خۆی پارەكە دابین بكات.
وتیشی: «بڕیاری كڕینەوەی گەنمی جووتیارانی كوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، پێویستی بە بودجەیەكی زۆر هەیەو پلان‌و بەرنامەی تایبەتی خۆی دەوێت، چونكە كڕینەوەی گەنمی جووتیاران پارەیەكی زۆری دەوێت».
تائێستا بەغدا پارەی ساڵی 2014ی گەنمی جووتیارانی كوردستان نەناردووە كە بڕەكەی 50 ملیارو 500 ملیۆن دینارە، ئەمە جگە لەپارەی ساڵی رابردوو180 كە بڕەكەی ملیارێك‌و 500 ملیۆن دینارە، ئەوە ئەمساڵیشی هاتۆتە سەر. بۆیە جووتیارانی كوردستان نیگەرانن‌و بەردەوام داوای مافە داراییەكانیان دەكەن.