بەمەبەستی بەشداری لە كۆڕبەندێكی ئابووری، وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی روسیا دەكات.
ئاژانسی هەواڵی (ریای نۆرسی روسی) لە زاری ئاسۆ شێخ جەنگی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوسیا بڵاویكردۆتەوە، بەمەبەستی بەشداری لە كۆڕبەندی ئابووری كە لە شاری سامبترسبۆرگی ڕوسیا بەڕێوەدەچێت، 20ی حوزەیرانی ئەمساڵ وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی ئەو وڵاتە دەكات.
لە میانی ئەو سەردانەدا سەرەڕای بەشداری لەو كۆڕبەندە ئابوورییە، وەفدەكەی حكومەتی هەرێم چاویان بە وەزیری دەرەوە و ژمارەیەك پەرلەمانتاری ڕوسیا دەكەوێت و گفتوگۆ لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەردوولا دەكەن.