ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دادەبەزێت

بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ماوەی 2 ساڵی رابردوو بوژانەوەیەکی بەرچاووی تۆمارکردووە و بەڕێژەی 40%گەشەیکردووە، شارەزایانی نەوتیش هۆشداری دەدەن لە کەمبوونەوە یان پێچەوانە بوونەوەی ئەو ئاڕاستەیە، بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی داهاتی عێراق کە کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتیییەکانی، ئەو وڵاتە. 



ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ناوەڕاستی 2014 وە تا ئەمساڵ بەڕێژەی 40% زیادیکردووە و ئاستی هەناردەکاریش ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە، بەڵام پێناچێت ئەو ئاراستەیە بەردەوام بێت. 



کەمبوونەوەی داهاتەکانی حکومەت بووەتەهۆکار بۆئەوەی ئەو وڵاتە نەتوانێت وەبەرهێنانەکان لە بواری نەوتدا پەرەپێبدات.

بەپێی شرۆڤەکارانیش دووەم هەناردەکاری نەوتی ئۆپێک نزیکبووەتەوە لە دوا تواناییەکانی لە هەناردەکردن و کۆگاکردنی نەوت.



ریچار مالینسۆن، شرۆڤەکاری ناوەندی ” ئێنێرجی ئەسپێکت” دەڵێت “وەبەرهێنانی عێراق لەمساڵدا لە کەرتی نەوت لە 13 ملیار دۆلاری ساڵی 2015 دابەزیوە بۆ 7 ملیار دۆلار”.



عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەدەکات، بەڵام فەیاز نعمە جێگری وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند “ئەگەر وەبەرهێنانەکان لە کەرتی نەوت کەمبکرێنەوە، بەدڵنیاییەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دادەبەزێت”.



نعمە هەروەها دەڵێت “ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق کەمبێتەوە، گوشار بۆ بازاڕی نەوت دروستدەبێت و نرخەکانی نەوت بەرزدەبنەوە”.



عێراق لە مانگی یەکی ئەمساڵ رۆژانە 4 ملیۆن و 510 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە و لە مانگی چواریش رۆژانە 4 ملیۆن و 310 هەزار بەرمیل.



بەپێی ئەو داتانەی بڵاوبوونەتەوە، توانایی بەرهەمهێنانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە رۆژانە 4 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلە.



تۆشار تارۆن، شرۆڤەکاری ناوەندی FGE لە سینگافۆرە دەڵێت، وەبەرهێنان لە بیرە نوێیە نەوتییەکان لە عێراق نەکراوەو لەبەرئەوەش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ دادەبەزێت.