تا ساڵی داھاتوو عێراق ١٠ ملیار دۆلار قه‌رزدار ده‌بێت

به‌پیی لێدوانێکی عه‌لی عه‌لاق پارێزگاری بانکی ناوه‌ندیی عێراق بۆ ته‌له‌فزیونی بلومبێرگی ئه‌مریکی “تا ساڵی داھاتوو، قه‌رزه‌کانی عێراق له‌ سندوقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو، ده‌گاته‌ ده‌ ملیار دۆلار”. عه‌لاق ھه‌روه‌ھا پێشبینی کردووه‌ له‌مساڵدا بڕی ده‌ ملیار دۆلار قه‌رز له‌ سندوقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو و بانکی جیھانی وه‌ربگرن، سه‌ره‌ڕای وه‌گرتنی پێنج ملیار دۆلاری دیکه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت وڵاته‌ زلھێزه‌کان. بڕیاره‌ له‌م ھه‌فته‌یه‌دا حکومه‌تی عێراق و سندوقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو بگه‌نه‌ ڕێککه‌وتن له‌باره‌ی شێوازی پێدانی قه‌رزه‌که‌ به‌ عێراق.
 
ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ حکومه‌تی عێراق به‌شه‌ بودجه‌ی ھه‌رێمی کوردستانی بڕیوه‌ که‌ ده‌کاته‌ ١٧٪ له‌ کۆی گشتیی بودجه‌ی عێراق، ئه‌مه‌ش کاریگه‌رییه‌کی خراپی کردووه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌وشی ئابووریی ھه‌رێم. له‌ئێستادا ھه‌رێمی کوردستان داوا ده‌کات پشکی دیاری بکرێت له‌و قه‌رزانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن بانکه‌ جیھانییه‌کانه‌وه‌ به‌ عێراق ده‌درێت، چونکه‌ ھه‌رێمی کوردستان له‌ شه‌ڕێکی دژواردایه‌ له‌گه‌ڵ داعش و ژماره‌یه‌کی زۆری ئاواره‌ی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش په‌نایان بۆ ھه‌رێمی کوردستان ھێناوه‌.
 ھه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌، نه‌جیبه‌ نه‌جیب په‌رله‌مانتاری کورد له‌ به‌غدا و ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ناوه‌ندی ھه‌واڵی ئازاد ڕایگه‌یاند، “عێراق قه‌رزێکی ١٥ ملیاری وه‌رده‌گرێت و پێویسته‌ ئه‌و قه‌رزه‌ له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ به‌ قازانجێکی زیاتره‌وه‌”. ده‌رباره‌ی پشکی ھه‌رێمی کوردستانیش، نه‌جیب، وتی “ئێمه‌ بانگھێشتی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقمان کردووه‌ بۆ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ڕوونکردنه‌وه‌ بدات له‌سه‌ر ھۆکاری پێنه‌دانی پشکی ھه‌رێم له‌ قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان”. په‌رله‌مانتاره‌که‌ی کورد پێی وابوو پرسه‌کان سیاسین که‌ ڕێگری له‌ پێدانی به‌شی ھه‌رێم ده‌که‌ن، بۆیه‌ نابێت ھه‌رێمی کوردستان ده‌ستبه‌رداری ئه‌م مافه‌ی بێت و پێویسته‌ به‌ھه‌ر شێوازێک بێت مافی خۆی وه‌ربگرێته‌وه‌.