كارگەكانی چیمەنتۆی عێراق داوای دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی دەكەن

كۆمەڵەی پیشەسازیی چیمەنتۆی عێراق پابەندی خۆیان راگەیاند، بە بەرزنەكردنەوەی نرخەكان و هەوڵدان بۆ پشتیوانی كردنی پرۆژەكان، داواش دەكەن نرخی سوتەمەنیان بۆ هەرزان بكرێت و دووپاتیشی دەكەنەوە كە پیشەسازیی چیمەنتۆ لە عێراق ساڵانە (یەك) ملیار دۆلار بۆ بودجەی گشتی دەگێڕێتەوە.
لە بەیاننامەیەدا كۆمەڵەی پیشەسازیی چیمەنتۆی عێراق ئاشكرایان كرد كە وەك كارگەكانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ  پابەند دەبن بە زیادنەكردنی نرخەكان و هەوڵیش دەدەن كە وەك هاوكاریكردنی پرۆژەكان و پاراستنی بەكاربەر نرخەكان دابەزێنن.
هەروەك ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن نرخی چیمەنتۆ پەیوەستە بە كەمبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، بەتایبەتی نرخی نەوتی رەش كە (25%) تێچووی چیمەنتۆ پێك دەهێنێت. دەشڵێت كارگەكانی چیمەنتۆی وڵاتانی دراوسێ‌ لەلایەن حكومەتەوە هاوكاری پشتیوانی زۆر دەكرێن، بەتایبەتی پێدانی سوتەمەنی.

بەگوێرەی بەیاننامەكە لە مانگی نیساندا بەرێژەی (250%) فرۆشی چیمەنتۆ زیادی كردوە  بایی (16) ملیار دینار چیمەنتۆ فرۆشراوە، ئاشكراشی كردوە لە ساڵی (2015) دا عێراق (19) ملیۆن تەن چیمەتۆی بەرهەم هێناوە.