قائیمقامی‌ سلێمانی‌ داوا له‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌كات له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ كاره‌كانیان ڕه‌چاوی‌ بارودۆخی‌ دارایی‌‌و ده‌رونی‌ هاوڵاتیان بکەن

 
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (به‌ختیار عه‌بدولڕه‌حمان) قائیمقامی‌ سلێمانی‌ به‌ئاماده‌بوونی‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ باڵا‌و به‌مه‌به‌ستی‌ ئاگاداربوون‌و دانانی‌ به‌رنامه‌ی‌ نوێ‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ قائیمقامیه‌ت  كۆبووه‌.
 له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا قائیمقامی‌ سلێمانی‌ باسی‌ بارودۆخی‌ كوردستانی‌ كرد له‌ ڕووی‌ دارایی‌‌و سیاسی‌ كه‌ به‌قۆناغێكی‌ خراپدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، بۆیه‌ داوای له‌لیژنه‌كان كرد، له‌كاتی‌ سه‌ردانیكردنی‌ شوێنه‌كاندا، ڕه‌چاوی‌ بارودۆخی ده‌روونی‌ هاوڵاتیان‌و خاوه‌نكاره‌كان بكەن و به‌شێوه‌یه‌كی‌ گونجاو دوور له‌هه‌ڵچوون كاره‌كه‌یان جێبه‌جێ‌ بكه‌ن‌و به‌بێ‌ جیاوازی‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وكه‌سانه‌دا بكرێت كه‌ پابه‌ندی‌ ڕێنمایی‌‌و مه‌رجه‌ ته‌ندروستییه‌كان نابن.
قائیمقامی‌ سلێمانی‌ وتیشی:”له‌گه‌ڵ فراوانبووی‌ سنوری‌ كارگێڕی‌ قائیمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌‌و زۆری‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوان‌و كه‌می‌ میلاكی‌ قائیمقامیه‌ت، به‌ڵام به‌هاوكاری‌‌و دڵسۆزی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان، توانراوه‌ چاودێری‌ باشی‌ بازاڕ بكرێت‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش سه‌رپێچییه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه‌”.