بڕیارە لە داهاتودا هیندستان كونسوڵخانەی خۆی لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و پەیوەندیا دبلۆماتیەکان و بازرگانیەکان فراوانتر بکات.
ئاماژەی بەوەشدا كە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بۆ پێشكەوتن و وەبەرهێنان گونجاوە و ئامادەییی خۆیشی نیشان دا خاوەن كار و وەبەرهێنەرانی هیندستان هان بدات بێن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن. ئەوەشی دووپات كردەوە كە بوار هەیە هەماهەنگییەكی باش لە نێوان هەرێمی كوردستان و هیندستاندا لە ڕووی كەلتووری و ئیداری و ئابووریدا دروست بكرێت و ئەوان دەتوانن لە بوارەكانی خوێندنی باڵا و دابینكردنی كورسی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان و مەشق و ڕاهێنان لە بوارەكانی كارگێڕی و بەڕێوەبردن و تەندروستی بۆ كادیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.
لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و پێشوازی لە بڕیاری حكوومەتی هیندستان كرد بە كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر كە دەبێتە هۆی باشتركردنی پەیوەندییەكان لە بوارەكانی كەلتووری و تەندروستی و ئابووریدا. باسی لەوەش كرد كە دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش هەندێك سستی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام دوای تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانە ئومێدی ڕەخساندنی دەرفەتی باشتر بۆ وەبەرهێنان دەبێت و لەم چوارچێوەیەشدا كۆمپانیاكانی هیندستان دەتوانن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن.