لەماوەی سێ‌ مانگدا 500 هەزار گەشتیار لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە گەشتیان كردووە

دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراق ئاشكرای دەكات: لەماوەی سێ‌ مانگدا 500 هەزار گەشتیار لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە گەشتیان كردوە.
 لەو بارەیەوە سامر كبە بەڕێوەبەری گشتی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد: لەچارەكی یەكەمی ئەمساڵدا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەڕووی گواستنەوەی گەشتیارانەوە، ئەنجامێكی نایابی تۆماركردوە‌و 500 هەزار گەشتیاری گواستۆتەوە، كە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی لەسەدا 9 زیادیكردوە. 
ئاماژەی بەوەشكردوە: لە سێ‌ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەسەدا 7 زیادیكردوە‌و لەو ماوەیەدا 4 هەزار‌و 118 گەشتی ئاسمانی ئەنجامداوە، زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەغدا چەندین شوێنی پیرۆزی لێیە‌و گەشتیاران ڕووی تێدەكەن. دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراق ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە: كە مانگی زێڕین بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا شوبات بووە، چونكە لەماوەی ئەو مانگەدا 234 هەزار‌و 252 گەشتیاری گواستۆتەوە، هەروەها لەمانگی كانونی دووەمدا 127 هەزار گەشتیار‌و لەمانگی ئازاریشدا 116 هەزار گەشتیار لەو فڕۆكەخانەیەوە گەشتیان كردوە.