ئەگەر سەیری داتاكانی هەناردەكردنی نەوت لە مانگەكانی كانوونی دووەم، شوبات و ئاداری ئەمساڵ بكەین، بە ئاشكرا هەست بە كەمبوونەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە مانگەكانی شوبات و ئادار دەكەین، بەڵام ئایا هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی هەناردەی نەوت ئاسایی ببێتەوە؟
هەناردەی رۆژانەی نەوتی هەرێمی كوردستان و هەردوو كێڵگەی نەوتی (بابە گوڕگوڕ و خەبازە) لە رێگەی بۆڕی نەوتی كوردستان- توركیا لە مانگی یەكی ئەمساڵ تەنیا 601.811 بەرمیل بووە، بەڵام لە مانگی شوبات ئاستی هەناردەی نەوتی رۆژانە بۆ 350.067 بەرمیل نەوت دابەزیوە، لە مانگی ئادار دابەزینی زیاتر روویداوە و ئاستی هەناردەی رۆژانە گەیشتووەتە 327.371 بەرمیل نەوت. ئایا بۆچی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان لە مانگەكانی دوو و سێ دابەزیوە:
1. بەپێی روونكردنەوەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە مانگی شوبات بۆ ماوەی 13 رۆژ نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان نەكراوە، لەبەر هۆكاری ئەمنی و كاریگەریی رووداو و ئاڵۆزییەكانی باكووری كوردستان كە لە نێوان پارتی كریكاران و حكومەتی توركیا هاتبووە كایەوە.
2. لە مانگی سێ بەهەمان شێوەی مانگی دوو بۆ ماوەی 12 رۆژ نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان نەكراوە لە ژێر كاریگەری رووداوەكانی باكووری كوردستان، واتە مانگی 2 و 3 پێكەوە بۆ ماوەی 25 رۆژ نەوت هەناردە نەكراوە.
1. پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیارێك سەبارەت بە داهاتووی هەریەك لە كێڵگە نەوتییەكانی (بابە گوڕگوڕ و خەبازە) بدات كە لەژێر كۆنترۆڵی كۆمپانیای نەوتی باكووردان، لەبەرئەوەی تاوەكو 2/5/2015 كە دەكاتە 20 رۆژ، هەناردەی نەوتیان لەڕێگەی بۆڕیی نەوتی هەرێمەوە راگیراوە، واتە كۆی نەوتی راگیراوی ئەو دوو كێڵگەیە لەو ماوەیە نزیكەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوتە كە ئەگەر بەرمیلی بە 35 دۆلار بفرۆشرایە دەیكردە بڕی 105 ملیۆن دۆلار.
راگرتنەكەش جگە لە زیانە مادیەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و لەدەستدانی پارەی پترۆدۆلاری كەركووك و 25%ی ئاستی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی كوردستان، مەترسی لەسەر بیرە نەوتەكان دروست دەكات لەبەرئەوەی رۆژانە نەوتە دەرهێنراوەكە دەكرێتەوە ناو بیرەكان.
2. هەریەك لە كۆمپانیاكانی گەنەل ئێنێرژی و دی ئێن ئۆ و گۆڵف كێستۆن كە سێ بەرهەمهێنەری گەورەی نەوتی هەرێمی كوردستانن، حەقدەستەكانیان لەبڕی هەناردەكردنی نەوت لە مانگی ئادار وەرگرتووە، بەڵام بە بەردەوامی تەئكید لە باری خراپی داراییان دەكەنەوە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان خەمی زیاتر لە حەقدەستەكانیان بخوات، بۆئەوەی خەمی زیادكردنی ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمیان هەبێت.
3. گرنگە لە ئێستادا بەچەند رێگەیەكی جیاواز هەوڵی رێككەوتن لەگەڵ عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكان بدرێت بۆ ئەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاسایی بكرێتەوە، لەبەرئەوەی هەر بەرزبوونەوەیەك بە قازانجی باشتركردنی باری دارایی هەرێمە چونكە نرخی نەوتیش لەبەرزبوونەوەی زیاتردایە.