بەپێی نوێترین داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێژەی بێکاری لە باشووری کوردستان لە دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی 5% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 14%.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 14% بەرزبووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەر لەو قەیرانە داراییە رێژەی بێکاری 9% بووە.
بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری دوای وەستانی زیاتر لە 90%ی پرۆژەکان و سستبوونەوەی بازاڕەکان دێت.
عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی کار لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیبە بە کەناڵی رووداوی راگەیاند: بەردەوامبوونی قەیرانی دارایی رێژەی بێکاری بەرزتر دەکاتەوە.
لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان 98%ی پرۆژەکان وەستاون، رێژەیەکی زۆری کرێکاریش لەسەر کار لادراون. ئێستا دەستکەوتنی کار بۆ هەندێک لە کرێکاران وایلێهاتووە کە دەبێت پێشبڕکێی بۆ بکەن.
هەرزان کارکردن و زۆربوونی رێژەی کرێکارە بیانییەکان، بە هۆکارێکی دیکەی بێکاری هەژمار دەکرێت، چونکە ئەو کرێکارە بیانیانە بوونەتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی دەستی کاری خۆماڵی.
سەرەڕای زۆربوونی رێژەی بێکاری، کۆمپانیاکان بەڕێژەیەکی زۆرتر کرێکارانی بیانی دەخەنە سەرکار، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی نزیکەی 10 هەزار کرێکاری بیانی لەباشووری کوردستان کاردەکەن.