وه‌به‌رهێنان

 
وه‌به‌رهێنان له‌ڕووى زانساییه‌وه‌ چه‌ندین پێناسه‌ى جۆراوجۆرى بۆ ده‌كرێت، كه‌ خاڵى هه‌موو پێناسه‌كان ئه‌وه‌یه‌ وه‌به‌رهێنان شاڕه‌گى ژیانى ئابورى‌و چالاكییه‌ ئابورییه‌كانه‌.
وه‌به‌رهێنان هۆكارى كه‌ڵه‌كه‌بوونى سه‌رمایه‌، ره‌خساندنى هه‌رچى زیاترى هه‌لى كار، زیادكردنى قه‌باره‌‌و ئاستى به‌رهه‌مهێنان، گه‌شه‌پێدانى ئابورى‌و به‌دیهێنانى خۆشگوزه‌رانى، به‌رزكردنه‌وه‌ى داهاتى تاك‌و سه‌رمایه‌ى نه‌ته‌وه‌ییه‌.
وه‌به‌رهێنان له‌ئاستى ئابورى نه‌ته‌وه‌ییدا خه‌رجكردنى سه‌رمایه‌یه‌ له‌پڕۆژه‌كانى ژێرخانى ئابورى‌و رێگاوبان‌و خانوبه‌ره‌و ئاوو ئاوه‌ڕۆ‌و ته‌ندروستى‌و بیناسازى‌و وزه‌و كاره‌باو بایه‌خدان به‌پڕۆژه‌كانى بوارى خوێندن‌و ته‌ندروستى‌و په‌یوه‌ندیه‌كان‌و گه‌شتیاریى‌و هه‌موو ئه‌و بوراانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ به‌رهه‌مهێنانى پیشه‌سازى‌و كشتوكاڵى‌و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌.
بایه‌خى وه‌به‌رهێنان له‌چه‌ند خاڵێكدا چڕ ده‌بێته‌وه‌:
1ـ زیادكردنى قه‌باره‌و تواناى وه‌به‌رهێنان به‌جۆرێك كه‌ خۆشگوزه‌رانى‌و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى بژێویى بۆ هاوڵاتیان بڕه‌خسێنێت.
2ـ ده‌سه‌ته‌به‌ر كردنى خزمه‌تگوزارى پێویست بۆ هاوڵاتیان.
3ـ دابین كردنى هه‌لى كارو كه‌مكردنه‌وه‌ى رێژه‌ى بێكارى.
4ـ گه‌شه‌دان به‌تواناى ئه‌وانه‌ى له‌بوارى ته‌كنیكیى‌و ئیداریدا كار ده‌كه‌ن‌و ئاستى كارامه‌یى ده‌ستى كار به‌رزتر بكاته‌وه‌.
5ـ به‌رهه‌مهێنانى ئه‌و كاڵا‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ى كه‌ پێداویستى بنه‌ڕه‌تى هاوڵاتیانن‌و بڕى زیادى به‌رهه‌مهباوش هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ بكرێت به‌مه‌به‌ستى به‌ده‌ستهێنانى دراوى بیانى‌و كڕینى ئامێرى به‌رهه‌مهێنان‌و زیادكرنى داهاتى ناوخۆ.
حۆره‌كانى وبه‌رهێنان
چه‌ند جۆرێك له‌وه‌به‌رهێنان هه‌ن، كه‌ به‌پێى ئامانج‌و مه‌به‌ست‌و ئامڕازو پێویستیه‌كان پۆلێن ده‌كرێن.
*وه‌به‌رهێنانى نیشتمانى
*وه‌به‌رهێنانى بیانى
*وه‌به‌رهێنانى راسته‌وخۆ
*وه‌به‌رهێنانى ناڕاسته‌وخۆ
*وه‌به‌رهێنانى دارایى
*وه‌به‌رهێنانى مرۆیى
*وه‌به‌رهێنانى كورتخایه‌ن
*وه‌به‌رهێنانى درێژخایه‌ن
*وه‌به‌رهێنانى خێرا “كه‌ داهاته‌كه‌ى زوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌”
*وه‌به‌رهێنانى خاو “كه‌ داهاته‌كه‌ى به‌خاوى دێته‌وه‌”
*وه‌به‌رهێنانى ستراتیجى
*وه‌به‌رهێنانى كۆمه‌ڵایه‌تى
 
بواره‌كانى وه‌به‌رهێنان
بواره‌كانى وه‌به‌رهێنان زۆرن، به‌پێى ئه‌و ئامانجانه‌ دیاریده‌كرێن كه‌ وه‌به‌رهێنانیان تێدا ده‌كرێت، وه‌ك وه‌به‌رهێنانى خانوبه‌ره‌و وه‌به‌رهێنانى گه‌شتوگوزارو وه‌به‌رهێنانى پیشه‌سازى‌و وه‌به‌رهێنانى كستوكاڵى، هه‌روه‌ها وه‌به‌رهێنانى ناوخۆو بیانیش به‌پێى دابینكردنى سه‌رمایه‌كه‌ لێكحیاده‌كرێنه‌وه‌.
هانده‌ره‌كانى وه‌به‌رهێنان
*خواست له‌سه‌ر قازانج كردن
*ئاماده‌كاریى كردن بۆ ئه‌گه‌رى زیادبوونى خواست‌و فراوان بونه‌وه‌ى بازاڕ
*پێشكه‌وتنى زانستى‌و ته‌كنه‌لۆجى
*بنیاتنانى سه‌رمایه‌ى كۆمه‌لایه‌تى
*وه‌به‌رهێنان به‌مه‌به‌ستى گه‌شه‌‌و په‌ره‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تى
*ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌رچاوه‌ى مرۆیى كارامه‌و پسپۆڕ
*به‌دیهێنانى سه‌قامگیریى سیاسى‌و ئابورى
فاكته‌ره‌ كاریگه‌ره‌كانى سه‌ر پرۆسه‌ى وه‌به‌رهێنان
*خواست له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان 
*پێشبینیكردنى گه‌شه‌ى ئابورى
*ره‌خساندنى هه‌لومه‌رجى له‌بار بۆ وه‌به‌رهێنان
*سیاسه‌تى ئابورى
*نرخى سوودى بانكى
*پشێویى‌و ناسه‌قامگیریى بارى سیاسى‌و ئاسایش
*روونى یاسا‌و رێنماییه‌ ئابوریه‌كان‌و مه‌تاتى نه‌بونیان بۆ ئه‌وه‌ى به‌ربه‌ست دروستنه‌كه‌ن
*دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌رۆتین
*پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆو هاندانى هه‌نارده‌كردن
*ژێرخانى ئابورى به‌هێز، وه‌ك دابینكردنى كاره‌باو ئاوو رێگاوبان به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى بڕى تێچون
*سیسته‌مى بانكى سه‌رده‌میانه‌
*سیسته‌مى ئیدارى گونجاو