عێراق بە هەناردەكردنی زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت، بەرزترین ئاستی لە هەناردەکردنی نەوت تۆمارکرد،نرخی مامناوەندی یەك بەرمیل نەوتی فرۆشراویش بە 33.25 دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق داتا سەرەتاییەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی بڵاوکردەوە و بەپیی داتاکانیش ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە مانگی نیسان بەراورد بە مانگی ئادار بە رێژەی سەدا 2.3 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستیکی پێوانەیی، نرخی ناوەندی یەك بەرمیل نەوتی فرۆشراوی عێراقیش لە مانگی ئادار بەرامبەر بووە بە 33 دۆلار و 25 سەنت.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی رابردوو هەناردەکردنی نەوت گەیشتووەتە رۆژانە 3 ملیۆن و 364 هەزار بەرمیل.
لە مانگی نیسان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت قەبارەی داهاتی نەوتی عێراقیش بەرزبووەتەوە بۆ 3 ملیارد و 343 ملیۆن دۆلار.
سەبارەت بە نرخی نەوتی فرۆشراو، عاسم جیهاند، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، نرخی مامناوەندی نەوتی فرۆشراوی عێراق لە مانگی رابردوو 33 دۆلار و 25 سەنت بووە.
جیهاد هەروەها رایگەیاند، سەرجەم ئەو نەوتەی کە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە، لە کێڵگە نەوتیەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە و تێکڕای نەوتی هەناردەکراویش 100 ملیۆن و 916 هەزار بەرمیل بووە کە لە رێگای بەندەرە ئاوییەکانی بەسرەوە بۆ بازاڕەکان هەناردەکراوە.
جیهاد راشیگەیاند کە بەهۆی کێشەی هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنی نەوت، هیچ بڕە نەوتێك لە رێگای بۆری نەوتی کوردستان جەیهان هەناردە نەکراوە.
هەرچەندە بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنی و سیاسییەکان، داهاتووی کەرتی نەوتی عێراق ناروونە، بەڵام هەناردەکاری نەوتی ئەو وڵاتە بە گشتی لە ساڵی 2016 بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی هەناردەکاریی نەوتی عێراق یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک بووە لە مانگی چوار.