وەزارەتی كشتوكاڵ لە ساڵێكدا یەك ملیار دۆلار داهاتی هەبووە

بڕیارە رۆژی دووشەممە 2ی ئایاری 2016، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی كۆببێتەوە و تێیدا باسی زیادکردنی داهات بکرێت، وەزیری کشتوکاڵیش رایدەگەیێنێت، لەماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیار دۆلار داهاتیان هەبووە.



عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی ئاساییە و تێیدا باسی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و زیادکردنی داهات دەکرێت، هاوکات باسی پلانی حکومەتیش دەکرێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە.



وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وتیشی “تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران قسەکردن دەبێت لەسەر دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەر و خەڵکانەی مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی دەیانگرێتەوە، لەگەڵ چۆنیەتی دابەشکردنی، ئێمەش وەک وەزارەتی کشتوکاڵ جەختدەكەینەوە نابێت هیچ زەوییەکی کشتوکاڵی بەسەر خەڵک دابەشبکرێت، لەبەر ئەوەی دابەشکردنی زەوی کشتوکاڵی زیان بە ئابووری کشتوکاڵی دەگەیێنێت”.



لەبارەی دابەشکردنی زەوییەوە، عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەش کرد، لەماوەی رابردوودا زەوییەکی زۆری کشتوکاڵی، زیاتر لە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار پارچە زەوی بۆ وەزارەتی شارەوانی دانراون و بەسەر فەرمانبەران و خەڵکدا دابەشکراون، ئەوەش زیانی بەر کشتوکاڵ گەیاندووە، بۆیە ئێمە بە لەبەرچاوگرتنی کەرتی کشتوکاڵ رێگەنادەین زەوی کشتوکاڵی دابەشبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین کەرتی کشتوکاڵ پەرەپێبدەین و لەماوەی ساڵی رابردووشدا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار داهاتمان بۆ خەزێنەی حکومەت پەیداکردووە بە رێگەی باج و بەرووبوومی رووەکی.