سودان و باشووری سودان لەسەر هەناردەکردنی نەوت رێکەوتن

  هەردوو وڵاتی سودان و باشووری سودان رێکەوتن لەسەر هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە لەرێی بۆریە نەوتەکانی سودان لە کۆتایی کانوونی یەکەم واتە ئەم مانگە.
 ئەمەو دوابەدوای گفتوگۆو یەکی چرو دوورودرێژ هەردوولا لەسەر جێبەجێکردنی رێکەوتنی نێوانیان رێکەوتن کە لە مانگی ئەیلولی رابردوو لە ئەدیس ئابابای پایتەختی ئەسیوبیا واژوویان کردبوو.
 لەمبارەیەوە  ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جەماوەری رزگاری سودان لەباشوری سودان باقان ئەمۆم لەگۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند دوای کۆتایی هاتنی گفتوگۆکانی دوو رۆژی رابردوو لەخەرتووم هەردوولا رێکەوتین لەسەر لابردنی ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم جێبەجێکردنی رێکەوتنی ئەیلولی رابردوو.
 هەروەها ئەمۆم روونیکردەوە هەردوولامان رێکەوتووین کە بەهیچ شێوەیەک هیچ لایەنێک هانی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار نەدات لەدژی بەرامبەرەکەی،هەروەها ناوبراو ئاماژەی بۆکرد کە لەکۆتاییەکانی ئەم مانگە دەست بەهەناردەکردنی نەوت دەکرێتەوە بۆ دەرەوە لەرێی بۆریە نەوتەکانی سودان.
 لەکۆتایی گۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جەماوەری دووپاتی کردەوە بەرپرسانی هەردوو وڵات مکورن لەسەر وەلانانی ئەو کۆسپ و تەگەرانەی دێنە بەردەم جێبەجێکردنی رێکەوتنی هاریکاری ئەمیش بەمەبەستی بونیاتنانی پەیوەندیەکی ئاشتیانەو براینەی ستراتیژی کەلەبەرژەوەندی هەردوو وڵاتی دراوسێ دابێت.