بەهۆی بوونی گرفت لە ئێرباگەكانیاندا، كۆمپانیای نیسان 4 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە بازاڕەكانی ئەمەریكا دەكشێنێتەوە.
كۆمپانیای نیسانی ژاپۆنی ڕایگەیاند: بەهۆی كێشە لە یەكێك لە مەرجەكانی سەلامەتی ئۆتۆمبێلەكانیدا ناچاربووە ژمارەیەك ئۆتۆمبێل لە جیهاندا بكێشێتەوە و لەو ژمارەیەش 4 ملیۆن ئۆتۆمبێلیان لە وڵاتی ئەمریكایە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی كۆمپانیای نیسان لە كاتی ڕوودانی پێكداداندا ئێرباگی هەندێك لە ئۆتۆمبێلەكان ناكرێتەوە و هەندێكیتریش لە كاتێكدا كە پێویست نییە ئێرباگەكان دەكرێنەوە.
هۆكاری نەكرانەوەی ئێرباگی ئۆتۆمبێلەكانیشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە كە هەستەوەری كورسییەكانی پێشەوە هەموو سەرنشینێك بە منداڵ تێدەگەن یاخود هیچ قورساییەك ناخوێننەوە كە ئەمەش وادەكات ئێرباگەكان لە كاتی پێویستتدا نەكرێنەوە. ئەوەش ئاشكرا كراوە گرفتی كرانەوەی ئێرباگ لە ئۆتۆمبێلەكانی ماگزیما، ئەڵتیما، لیف، سەنترا، پاسفایندەر، و هەندێ ئۆتۆمبێلی مۆدێلی ئینفینیتیشدا بەدی كراون.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا كۆمپانیای نیسان خاوەنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە ئاگادار دەكاتەوە كە ئۆتۆمبێلەكانیان لێ وەردەگرێتەوە و بە بێ بەرامبەر كێشەكانیان بۆ چارەسەر دەكات.