ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە ئەمستەردامی پایتەختی وڵاتی هۆڵەنداوە ڕایگەیاند، دەزگای پۆلیسی ئەمستەردام بەهاوکاری دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی هەڵیکوتایە سەر کۆبوونەوەیەکی نهێنی ئەندام و لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان پە کە کە .
دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لە هۆکاری ئەو گردبوونەوەیە نزیکەی پەنجا و پێنج کەسی لە ئەندامانی ئەو پارتە دەستگیر کرد و ڕاپێژی یەکێک لە زیندانەکانی کردن و لەئێستاشدا ناڕەزایی توندی لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستانی لێ کەوتۆتەوە.
لەلایەن خۆشیەوە فیم دۆ بروینی وتەبێژ بەناوی داواکاری گشتی لە دادگای هۆڵەندا تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو گیراوانەی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستان پە کە کە لەلایەن دەزگای پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی چڕیان لەگەڵدا دەکرێت بە مەبەستی ئاشکراکردنی ناوی ئەوانەی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داواکراون و فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە ئەویش بەهۆی ئەوەی کە پە کە کە لەلایەن تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ناسراوە.
وتەبێژی داواکاری گشتی دادگای هۆڵەندا ئەوەشی خستەڕوو کە لەئێستادا پەنجەمۆر و وێنەی تێکڕای گیراوانی پارتی کرێکارانی کوردستان وەرگیراوە و دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش لەماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا ڕادەگەیەندرێت و لەکاتێکیشدا هەریەکێک لەو گیراوانە لەلایەن هەر لایەنێکی ئەوروپییەوە داواکراو بێت ئەوا لەڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپولەوە ڕادەست دەکرێتەوە .